ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپێشاندانەکانی عێراق بێ پسانەوە بەردەوامن و ڕۆژانە خەڵک بە ڕیزی خۆپێشاندەرانەوە زیاد دەبێ.
خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و گۆڕینی دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی بەردەوامن و ڕۆژانە توندوتیژی و کاردانەوەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە سڵامەتی خۆپێشاندەران بپارێزێ و لە هەمانکاتدا دەوڵەت ڕایگەیاندوە کە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت خەڵک ناکوژن و تەقە لە خەڵک ناکەن، بەڵام بەپێی هەواڵ و راپۆرتە بڵاوکراوەکان تەنیا لە ماوەی ٦ ڕۆژدا لانیکەم ١٠٠ کەس کوژراون و ٦٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆر لەوە زیاترە کە لە مێدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
خۆپێشاندانەکان لەگەڵ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ لە هیچ لایەنێکەوە ئاڕاستە ناکرێن و خەتیان پێنادرێ، بەڵام موقتەدا سەدر یەکێک لە ڕێبەرانی شیعە مەزهەبی ئێران، دوای ئەوەی کە سەردانی ئێرانی کرد و چاوی بە خامنەیی کەوت، دوای گەڕانەوەی لە ئێران، ڕاستەوخۆ چووە نێو خۆپێشاندەران و پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکان کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا بە قسەی شایەتحاڵانی نێو خۆپێشاندانەکان، چەکدارەکانی ئێران لەگەڵ یەکێک لە هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و کاربەدەستێکی دەوڵەتی عێراقیش ڕایگەیاند کە ئەوە هێزە ئەمنییەکان نین کە تەقە لە خەڵک دەکەن، بەڵکوو ئەوە چەکدارەکانی لایەنێکی عێراقین.
لە ماوەی خۆپێشاندانەکاندا لەگەڵ ئەوەی کە خەڵک دژی گەندەڵی دروشم دەدەن و داوای گۆڕینی دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی دەکەن، لە هەمانکاتدا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دروشم دەدەن. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا خۆپێشاندەران کۆنسۆلخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە کەربەلا گەمارۆدا و لە نێو خۆپێشاندانەکانیشدا وێنەی عەلی خامنەیی و قاسم سولێمانیان دڕاند و خستیانە ژێر پێ.
بێگومان دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بۆتە جێگەی ڕەخنەی دەوڵەتان و سیاسەتمەدارانی جیهان، بەڵکوو خەڵکی ناوچەکەش لەو گێرە شێوێنی و هێژموونیخوازیەی کۆماری ئیسلامی بێزارن. لە خۆپێشاندانەکانی لوبنانیش کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵلای لوبنان کە سەر بە کۆماری ئیسلامییە، ناویان هات و ناڕەزایەتی خۆیان لەو شەڕ و نائارامی و ئاڵۆزییەی کە ئەو دوو لایەنە بۆیان ساز دەکەن، دەربڕی.