هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان لە ١٧ی ڕەزبەری ئەمساڵدا، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بیروڕای گشتیی دنیای هێنایە دەنگ.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی ڕابردوو بە ٤٠٣ دەنگی ئەرێ لە بەرابەر ١٦ دەنگی نەرێدا بڕیاریکی بۆ سزادانی تورکیە دەرکرد. لە بڕیارەکەدا داوا کراوە کە دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک دژ بە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا سزا بەسەر دەوڵەتی تورکیە و کاربەدەستانی پلەبەرزی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێ. ئامانج لهو بڕیاره، ناچاركردنی دەوڵەتی توركیەیه بۆ ئهوهی كۆتایی بهو هێرشهی بێنێ كه له دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێکردووە.
وهزارهتی دهرهوهی توركیا، له یهكهم كاردانهوهیدا ئیدانهی ئهو بڕیارهی ئەنجوومەنی نوێنهرانی ئهمهریكای كرد و ڕایگەیاند کە ئهو بڕیاره لهگهڵ بنهماكانی هاوپهیمانێتی له چوارچێوهی ناتۆ و رێككهوتنی توركیە و ئهمهریكا، كه له ١٧ی ئۆكتۆبهر لە بارەی ئاگربەستەوە واژۆ كراوە یهک ناگرێتهوه.
شایانی باسە کە پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی پیران دەکرێ و ئەگەر لەوێش بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرا، ڕەوانەی کۆشکی سپی دەکرێ و دوای واژۆکردنی بڕیارەکە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە، ئەوکات دەبێتە یاسا.
پڕۆژەیاسای سزادانی تورکیا هەردوو وەزیری بەرگریی و دارایی ئەو وڵاتە و هەروەها سەرجەم ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەکەن و هەروەها پڕۆژەیاساکە، فرۆشتنی چەکی ئەمریکایی بە تورکیە قەدەغە دەکات.
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی دێموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند کە دێموکراتەکان و کۆمارییەکان پێکەوە بەهێزیی سەرکردایەتی ئەم ئەنجوومەنەیان پیشاندا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار پشتگوێخراوە و ئەمڕۆ دێموکراتەکان و کۆمارییەکان سزای تووندیان بەسەر تورکیەدا سەپاندووە لەهەمبەر ئەو هێرشانەی کە کردوویەتە سەر کوردە هاوبەشەکانمان لە سووریە.