هێندێک لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی ئێران هەواڵی دەسبەسەر کرانی “خەلیل ئاقایی” بەرپرسی ڕێکخراوی دارستان و لێڕەوارەکانی ئێرانیان بڵاو کردەوە. لەو هەواڵانەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ناوبراو بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و بەرتیل خۆری، لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
هەواڵدەریی ئیسنا لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە تۆمەتی خەلیل ئاقایی بەرتیل وەرگرتن لە خەڵک بووە و لە پلە و پایەکەی کەڵکی خراپی وەرگرتووە.
بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەو ناوەندەش لەو بارەوە وتوویەتی کە خەلیل ئاقایی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی دادگا کراوە و ئاگاداری ئەو تۆمەتانە نین کە دراونە پاڵ ناوبراو.
شایانی باسە کە خەلیل ئاقایی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بوو بە بەرپرسی ناوەندی دارستانەکانی ئێران. ناوبراو پێشتریش جێگری وەزیری کشتوکاڵ و نوێنەری شاری مشکینشار بووە لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران.
گەندەڵی لە ئێران بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو کە هەموو کاربەدەستانی پلە باڵا و جومگەکانی ڕێژیمی داگرتوە. ڕۆژ نییە کە کەسێک یا کەسانێک لە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بە تۆمەتی گەندەڵی نێویان لە مێدیاکاندا بڵاو نەبیتەوە. لە حاڵێکدا کە گەلانی ئێران بەدەست برسیەتی و بێکاری و نەهامەتیەوە دەناڵێنن، بەڵام لە هەمانکاتدا کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لەسەر قوت و سامانی خەڵک بوونەتە بازرگان و داهاتی وڵات بەفیڕۆ دەدەن.