کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی خەلیفەی “دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام”، بوو بە یەکێک لە هەواڵە گرینگەکانی جیهان و جێی خۆشحاڵی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و خاوەن ویژدان.
ئەبوبەکر بەغدادی لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە بەڕەسمی چۆتە نێو ڕیزی هێزە ئیسلامییە توندڕۆکانی جیهان و لەو کاتەوە تا کاتی کوژرانی دەستی بە خوێنی دەیان هەزار کەس لە ژن و مناڵ و پیر و گەنج سوور بووە و ببوو بە یەکێک لە سەرکردە جیناتەکارانی جیهان و ناوی ئەو گرووپەی کە ناوبراو ڕێبەرایەتی دەکرد و بە “داعش” ناسراوە، یەکێک لە گرووپە قیزەون و ئینسانکوژەکانی ئەم سەردەمەیە کە لە مێژوودا کەم وێنەیە.
ئەبووبەکر بەغدادی و گرووپەکەی دەستیان بە خوێنی هەزاران کورد لە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان سوورە. کۆبانێ و شەنگال نموونەیەکی بەرچاون لە خوێنڕشتن و وێرانی و ئاوارەیی کوردان بەدەست ئەو گرووپە جینایەتکارەوە. هەواڵی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی جێی خۆشحاڵی هەر ئینسانێکی خاوەن ویژدانە بەڵام بۆ کورد کە ڕۆڵەکانی بە دەست گرووپەکەی ناوبراو قەتڵوعام کراون و شار و گوندەکانی وێران کراون، لە هەموو کەس زیاتر جێی بایەخە. هێرشی دڕندانەی ئەو گرووپە تا ئێستاش بۆسەر کوردستان کۆتایی نەهاتوە و ناوە ناوە هەر بەردەوامە.
داعش و خەلیفەکەی لەگەڵ ئەوەی کە بوونە یەکێک لە هێزە ئینسانکوژە توندڕەوەکانی جیهان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە هاوپەیمانەتێکی بەهێز بە چەکی پێشکەوتوو و تێکنۆلۆژی بەهێز پێکهات.
لەگەڵ ئەوەی کە کورد زیانێکی گەورەی لەسەر دەستی ئەو هێزە تێرۆریستییە بەرکەوت، لە هەمانکاتدا لە سەر دەستی ژنان و پیاوانی خەباتکاری کورد لە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان تێکشکا و کورد بوو بە قارەمانی تێکشکاندنی ئەو هێزە ئینسانکوژەی کە هەموو جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردبوو.
ئەبووبەکر بەغدادی ناوی تهوای (ئیبڕاهیم عەواد محەممەد ئیبڕاهیم عەلی محەمەد بەدری) یە.
لە ٢٨.٦.١٩٧١ی زایینی لە سامەڕا لە دایکبووە.
لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦ سەر بە سپای ئەهلی سوننە و جەماعە بووە.
٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ ئهمیری دەوڵەتی ئیسلامی عێراق بووه.
له ٤.١١.٢٠١١ بهغدادی وهک تیرۆریستێكی جیهانی ناسێنرا.
٢٠١١ ئەمریکا ١٠ میلیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ زانیاری لەسەر بەغدادی یان كوشتنی تەرخانکرد.
لە ٢٠١٦ خەڵاتەکە بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلار زیادکرا.
٢٠١٢ بۆ ماوەی دوو مانگ دەستگیرکراوە، بەڵام نەناسراوەتەوە و ئازادکراوە.
له نێوان دهوڵهتی ئیسلامی عێراق و بهرهی نوسره و ئههلی شام له سووریا بەرەیەکی پێکهێنا و رێكخراوی “دهوڵهتی ئیسلامیی عێراق و شام”ی ڕاگهیاند.
ساڵی ٢٠١٤ تا کاتی کوژرانی خەلیفەی “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” بووە.
پێشتر فهرماندهی رێكخراوی قاعیده بوو له عێراق و نازناوی ئهمیری “دهوڵهتی ئیسلامی عێراق”ـی ههبووه.
له ٢٩.٧.٢٠١٤ داعش خهلافهتی راگهیاند و بهغدادی وهک خهلیفه ناساند.
بەغدادی ناوی خرایه لیستی ترسناكترین سهركردهی گرووپه تیرۆریستییهكانی جیهان.
له ١١.١٠.٢٠١٥ له ناوچهی كهرابله هێزی ئاسمانی عێراق شوێنهكهی بۆمباران كرد و باسی كوژرانی بەغدادی بڵاو بۆوە.
بهڵام له ٢٧.١١.٢٠١٥ تۆمارێكی دهنگی بڵاوكردهوه.
تا ئیستا ٨ جار ههواڵی كوژران و برینداربوونی بڵاوكراوهتەوە.
دوێنی ٢٧.١٠.٢٠١٩ هەواڵی كوژرانی بهغدادی و دوو هاوژینی له باكووری رۆژاوای سووریە بە ڕەسمی لە لایەن دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا راگهیەندرا .