لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی ڕەزبەر، ٢٠ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە کوردستان و ئێراندا کوژراو و بریندار بوون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە لایەن وێبلاگی “مین و ژیان”ـەوە، لە سەرەتای ئەمساڵ هەتا کۆتایی مانگی ڕەزبەر، بیست هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕ لە کوردستان و ئێراندا کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی ئەو ئامارە، پێنج هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و پازدە هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون و زۆربەی بریندار بووەکان لەو ڕووداوەدا لاقیان لەدەست داوە و کەمئەندام بوون.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی کە تووشی ئەو ڕووداوە هاتوون خەڵکی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و کرماشان، بوون.
بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتە لە ئاستی جیهان کە بە “مین” چێندراوە و لە ئێراندا زیاتر لە ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار زەوی بە مین چێندراوە.