دوای هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، دۆخێکی ئاڵۆز و نەخوازراو باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە و ڕۆژاوای کوردستان بۆتە چەقی ململانێی زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە.
دوای ئەوەی کە هێرشی بەربڵاوی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوی کوردستان، دەوڵەتانی جیهان و رێکخراوە جیهانییەکان هاتنە سەر خەت و زۆر لە دەوڵەتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و داوایان لە دەوڵەتی تورکیە کرد کە هێرشەکە ڕابگرێ و لەو ناوچەیە بچێتەوە دەرەوە.
دوو ڕێککەوتنی دوو زلهێزی جیهانیی واتە ئەمریکا و ڕووسیە کە هیچکامیان مافەکانی کوردیان تێدا ڕەچاو نەکرابوو، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لەسەر پرۆژە پێشنیارێکی وەزیری بەرگری ئاڵمان ، دەوڵەتانی ئورووپایی داوای ناوچەیەکی ئەمن دەکەن کە لەژێر چاودێری چەند لایەنێک دابێ نەک بە تەنیا دەوڵەتی تورکیە کە ئەوەش ناڕەزایەتی دەوڵەتی تورکیەی لێکەوتەوە. ڕۆژی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئاڵمان سەردانی تورکیەی کرد لە کەشوهەوایەکی گرژی نێوانیاندا بابەتی سووریا بە گشتی و ناوچەی ئارام بەتایبەتی ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە. بەهۆی لەشکرکێشیی تورکیە بۆسەر ڕۆژوای کوردستان، ئەڵمان فرۆشتنی چەکی بە تورکیا وەستاند کە ئەمە تووڕەیی و لێدوانی تووندی هەردوولای بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕۆژی ڕابردوو سپای ئەمریکا گەڕایەوە ڕۆژاوای کوردستان کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەرەو باشووری کوردستان ئەو ناوچەیان بەجێهێشتبوو و چووبوونە هەرێمی کوردستان. دەوڵەتی ئەمریکا رایگەیاند کە گەڕانەوەی ئەو هێزە بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکانە و دەوڵەتی رووسیەش ئەمریکای بەدزینی نەوتی سووریە تۆمەتبار کرد. هەر لەم پێوەندییەدا چەند بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکایی بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان گوتووە، دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا تەنها ئەو کاتە بە هێشتنەوەی بەشێک لە سەربازەکانی ئەمەریکا لە سووریە قایل بووە کە پێیگوتراوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، کۆنتڕۆڵی بیرە نەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە و بەرپرسێکی سەربازیی بە تەنزەوە گوتی: “وەک ئەوە وایە کە دەرمان بۆ منداڵ بخەیتە ناو ماست یان شەربەتەوە تاوەکو بیخوا”.
نوێنهری ههمیشهیی رووسیە له ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی، “ڤاسیلی نیبینزیا” رایگهیاند، به بێ گهڕانهوهی سوپای سووریە بۆ ناوچه سنوورییهكان، پرسی كورد له سووریە چارهسهر ناكرێ.
روانگەی سووریە بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە سێ لاوە لە ھەردوو ناوچەی بابلخەیر و مریكیزی سەر بە سەرێكانی، شەڕ لە نێوان گروپە چەكدارەكان و ھێزەكانی سووریای دێموكرات روویداوە.
ھەروەھا ھێرشێكی سەخت كراوەتە سەر گوندی داودیە كە دەكەوێتە سەر رێگەی سەرێكانی و تل تەمر. بەگوێرەی زانیارییەكانی روانگە، لە ئەنجامی ھێرش شەڕی ھەردوولا، شەش شەڕڤانی ھەسەدە گیانیان لەدەستداوە و نۆ چەكداری ئۆپۆزیسیۆنیش كوژراون.
ئاژانسی ههواڵدەریی “سانا” سهر به حكوومهتی سووریە رایگهیاند، سپای توركیە به پشتیوانی گروپه چهكدارهكانی ئۆپۆزسیۆن، كه فهرمان له دەوڵەتی تورکیە وهردهگرن، هێرشێكی توندیان كرده سهر ناحیهی ئهبو راسین له سنووری سهرێكانی.
ئهو ئاژانسه بڵاویشیكردهوه، “هێزهكانی سپای سووریە له باشووری ئهبو راسینهوه چوونهته ناوچهكانی دهوروبهری ئهو ناحیهیه” و جهختیشی كردهوه، “هێزهكانیان له پێشڕهویكردن بهرهو سنووری نێوان سووریا و توركیە”.
بڵاوبوونهوهی گرتەیەکی ڤیدیۆیی به دیلگرتنی کچە شەڕڤانێکی رۆژاوای کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رهخنه و توهڕیی زۆری بهدوای خۆیدا هێناوه. سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە کانتۆنی جزیرە بڵاوکردنەوه و بێڕێزیكردن بە کچە شهڕڤانهكه ئیدانە دەکات و دەڵێ “به داخهوه کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە بەرامبەر ئهو سووكایهتییهی به دیلێکی شەڕ کراوە”.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە لە چاوپێکەوتنێکی میدیای وڵاتەکەیدا داوای کرد کە ئەمریکا مەزلووم کۆبانێ ڕادەستی دەوڵەتی تورکیە بکات.