بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی شنۆوە گەیشتوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەمە ٣٠ی ڕەزبەر بە داخەوە خالید ئەمین تاج کوڕی کاک سولەیمانی برایماغا، خەڵکی گوندی ” خانلەر” ی ناوچەی شنۆ لە تەمەنی ٤۱ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ کۆچی دوایی کرد.
خالید پیاوێکی دلسۆز و نیشتمانپەروەر و دیموکراتدۆست بوو کە شانبەشانی بەڕێوەبردنی ژیانی بنەماڵەکەی هیچ کات لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانپەروەرانەی غافڵ نەبوو. ئەو لە هاندانی لاوەکان بۆ خۆشەویستیی نیشتمان و لە بەشداریی چالاکانە لە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی دا درێغی نەدەکرد. ئەم تایبەتمەندیانەش وایان کردبوو ببێتە خۆشەویست و جێگای ڕێزی خەڵک. هەر لە سۆنگەی پابەندبوون بە ویست و داخوازەکانی نەتەوەکەی و تێکۆشان لە پێناویاندا، بۆ ماوەیەکیش کەوتە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و، ئازار و ئەزیەتی دیت.
تەرمی خالید ئەمین تاج، نیوەڕۆی٣٠ رەزبەر لە نێو خەم و پەژارە و بەداخبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شار و گوندەکانی ناوچەی شنۆ بە خاک سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەس و کاری خالید ئەمین تاج دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.