ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە ٢٠٠ لاپەڕەی ساختەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیتێرنێتی ڕووسیەی داخستووە.
بەپێی هەواڵەکان، زۆرترین چالاکییەکان لەو پەیجانە سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە ٢١ بەکارهێنەر لە ئینستاگرام و ١٣٥ بەکارهێنەری ساختە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بووە و بە وتەی کاربەدەستانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو لاپەڕانەی کە داخراون چالاکییان بۆ راگەیاندنە سیاسییەکانی حکومەتی ئێران دەکرد.
ئەوە بۆ یەکەم جار نییە کە ماڵپەڕ و لاپەڕە و پەیجە ساختەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا دەبن و دادەخرێن. کۆماری ئیسلامی لەنێو بیروڕای گشتیی جیهانی ئەوەندە بێزراوە کە هیچ لایەنێک باوەڕی پێناکا و هەمیشە لەژێر چاودێری دایە. هەر ساڵی ڕابردوو سەدان ماڵپەڕ و لاپەڕەی ساختەی سەر بە کۆماری ئیسلامی داخران کە خەریکی بڵاوکردنەوەی بیری توندئاژۆیی و سازکردنی کێشە لەنێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دابوون.