بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە “کوردستان وکورد” گەیشتووە دوای دانانی “پەیکەرەی دەف” وەکوو ئامێرێکی ئستوورەیی و ناسراو لە مووسیقی کوردی لە شاری دێرینی تیکاب، کەسانی تووندڕەو و هاندراوی تورکی ئەو ناوچە سەرلەنوێ بە دژی کەلتوور و فەرهەنگی نەتەوەیی کورد ڕاوەستاون و داوایان کردوە کە ئەو پەیکەرە لاببرێ.
بەشێک لە بەرپرسان و خەڵکی تورکی شاری تیکاب بە نووسینی نامەیەک بۆ نوێنەرانی ئەو شارە لە مەجلیس، بە باسکردن لە دانانی پەیکەرەی دەف لە فولکەی مەولەوی لە شەریفئاوای ئەوشارە بە بیانووی ئەوەی کە خۆرەتاوێک لە نێوەڕاستی ئەو دەفەدا هەیە، ئەویش نمادی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کوردییە و دەبێ ئەو پەیکەرە لەو شارە نەمێنێت.
لە درێژەی نامەی کەسانی ئاژاوەچی و ڕاسپێڕدراو لە شاری تیکابدا هاتووە، ئەو خۆرەتاوە کە لە ناوەڕاستی “پەیکەرەی دەف”دا نەخشێنراوە، نمادی ئەحزابێکی تروریستن! و هەر بۆیە نابێ لەم شارە دابنرێ.
جێیوەبیرهێنانەوەیە ئەو هەڵوێستە ڕەگەزپەرەستانەی کەسانی هەڵخەڵەتێنراو لە کاتێکدایە کە لە ناوچەکانی تیکاب و ورمێ خەڵکی کورد و تورک هەوڵدەدەن بۆ پێکەوە ژیانی ئارام و بێ ناکۆکی، بەڵام هەرجارەو بە بیانوویەک لە ڕێگەی دەست وپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە کێشەو ناکۆکی ساز دەبێ و بۆیە وشیاری لاوان و چالاکانی هەر دوولای پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو جۆرە پیلانانە.