ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی دەوڵەتی تورکیە، دووهەمین هێزی پۆشتە و پەرداخی ناتۆ هێرشیکی بەربڵاوی کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان و تا ئێستا سەدان قوربانی لێکەوتۆتەوە و نزیک بە ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی ، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی تورکیەیان کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکیان پێکهێنا و سەرەنجام ڕێکەوتنێکی ١٢ خاڵی لێکەوتەوە کە یەکێک لە خاڵەکان ڕاگرتنی هێرشی تورکیە بوو بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان.
لەپێوەندی لەگەڵ هێرشی سپای تورکیە و هێزەکانی سووریەی سەر بە دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ، لێبوردنی نێونەتەوەیی دەوڵەتی تورکیەی بە ئەنجامدانی جینایەتی جەنگی تۆمەتبار کرد.
لیندزی گراهام، سەناتۆری دیاری كۆمارییهكان رایگهیاند، پهێوهندی بە مهزڵووم کۆبانێ، فهرماندهی ههسهدەوە كردووه و ناوبراو ههوڵهكانی ئیدارهی ترهامپی بۆ راگرتنی شەڕەکە بهرزنرخاندووه. ئهو سەناتۆره له زنجیره تویتێکدا ئهوهی ڕاگەیاندوە، کە مهزڵووم عهبدی ناسراو بە “مهزڵووم کۆبانێ” نیگهرانی خۆی له رێككهوتنی ئەو ئاگربهسته نیشانداوه و راشیگهیاندووه، به هیچ شێوهیهک ئەو پێشنیارەی ئانکارا قبوول ناکەن کە پێوەندی بە پاکتاوی نژادیی کوردەوە هەیە. سەناتۆری كۆمارییهكان ڕاشیگهیاندووه، هیواداره بگهنه ڕێککەوتنێک کە هیچ لایهنێک زیانمهند نهبێت و دهڵێت: “هاوشێوهی مهزڵووم عهبدی نیگهرانم، پێمگوت له نزیكهوه ئاگاداری ڕهوشهكه دهبین و لهو گرفتهشدا كۆنگرێس لهگهڵ كورد هاوسۆزه”.
مستەفا بالی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتن بۆ وەستانی شەڕ، بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی دەکرێتە سەر هێزەکانمان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان و نەخۆشخانەی سەرێکانی.
هەر لەم شەڕ و پێکدادانەدا هێلیكۆپتهرێكی سهربازی سپای توركیا، لهسهر سنووری نێوان توركیا و رۆژئاوای كوردستان كهوته خوارهوه و تێكشكا.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەکەیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی و بە تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا دەکات کە لایەنێکی ئەم رێککەوتنە بووە، دەستبەجێ چاودێری نێودەوڵەتی بنێرێت بۆ پاراستنی رێککەوتنی کاتیی ئاگربەست و گۆڕینی بۆ رێککەوتنی هەمیشەیی.هەسەدە هەروەها داوا دەکات لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنەدا سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەتەواوی بکشێنەوە.
ئێمانۆئێل ماکڕۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە رایگەیاند، کە ئەوەی لە باکووری سووریە ڕوویدا، ئاکامی هەڵەی گەورەی ڕۆژاوا و ناتۆ بوو و ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیە ناتۆی بردۆتە ژێر پرسیار. هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە ناکرێ شاهیدی ئەوە بین کە هەر کەس بەهێزتر بوو سەرکەوێ و، لەم ڕووداوەدا ناتوانین شاهیدی سەرکەوتنی تورکیە و ڕووسیە وئێران بین. هەروەها ماکڕۆن ئەو هێرشەی تورکیەی بە کردەوەیەکی شێتانە ناوبرد و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیە بەرپرسە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەزبەر ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا هیچ هاوکارییەک بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئارامی سووریە ناکەن و وڵاتی سووریە بەجێدێڵن
سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت: “کشانەوەی ئەمریکا و گرژییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە بارودۆخێکی خراپی بۆ ئەمریکا خوڵقاندووە و دەنووسێت، “تەنانەت ئەگەر ئاگربەستە پێنج ڕۆژەییەکەش بەردەوام بێت، ڕووداوەکانی هەفتەی رابردوو کاریگەری نەرێنیان لەسەر شەڕی ئەمریکا دژی داعش و تیرۆریستەکانی دیکە هەبووە”.