ستیڤان دوگاریك، گوته‌بێژ به‌ناوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دوایین ئاماری ئاواره‌بوونی هاووڵاتیانی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریای راگه‌یاند كه به‌هۆی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی ئانکاراوە ماوه‌ی چوار رۆژه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه ده‌ستیپێكردووه.
گوته‌بێژه‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: به‌هۆی ئۆپەراسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریاوه تا ئێستا نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار كه‌س ئاواره بوون.
ئه‌وه له كاتێكدایه سه‌رۆك كۆماری توركیا دوێنێ رایگه‌یاند، ئامانجێكی هێرشه‌كه گێڕانه‌وه‌ی ٤ میلیۆن ئاواره‌ی سووریایه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه توركیا به ناوچه‌ی ئارام ناوی ده‌بات.
گوته‌بێژی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به راپۆرتی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد بۆ خستنه‌ڕووی ئاماره‌كه و گووتی: ئۆفیسه‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان جەختییانكردۆته‌وه كه نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه‌ی كراونه‌ته ئامانجی هێرشه‌كه تا ئێستا ئاواره بوون.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه گووتی: پێویسته ئۆپراسیۆنه‌كه په‌یوه‌ست بێت به یاسای نێوده‌وڵه‌تی و خه‌ڵكی سڤیل له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا بپارێزرێن.
كۆمیسیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندبوو، راپۆرتیان له‌باره‌ی خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه‌ش ده‌ستكه‌وتووه كه به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون.