به‌رپرسانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕایانگەیاند، هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئارام درووست بكرێت، ده‌بێت مه‌ده‌نی بێت و پێیانوایه زۆر قورسه ده‌سته‌به‌ری پاراستنی خه‌ڵكی سڤیل له‌و ناوچه‌یه‌دا بكرێت كه به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی توركیا پلانیان بۆ داڕشتووه.
له‌باره‌ی ناونووسین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی به ئارام ناوده‌برێن و ئێستا جه‌نگی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، “ئه‌ندرێ ماهیسیچ”، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری په‌نابه‌ران ئێواره‌ی هه‌ینی گوتی: هیچ زانیارییه‌كی له‌وباره‌یه‌وه نییه كه په‌نابه‌رانی سووریە بگوازرێنه‌وه ئه‌و ناوچانه.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، ڕاگه‌یاندنی هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دابڕینراو ده‌بێت به‌گوێره‌ی ده‌سته‌به‌رییه نێوده‌وڵه‌تییه مرۆییه كارپێكراوه‌كان بێت، ده‌بێت ره‌زامه‌ندی حكوومه‌ت و لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانیشی له‌سه‌ر بێت، ده‌بێت ئه‌و ناوچانه زیاتر مه‌ده‌نی بن، ئه‌گینا زۆر زه‌حمه‌ته سڤیله‌كان بپارێزرێن.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: ئه‌وێ ئه‌و شوێنه نییه کە ئه‌وانه‌ی له بواری مرۆیی كارده‌كه‌ن ده‌ستنیشانیان كردبێت، ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی توركیاوه نه‌خشه‌ی بۆكێشراوه، ئێمه هیچ بڕیارێكمان تێیدا نییه و به‌شدارییمان له نه‌خشه‌سازییه‌كه‌یدا نه‌كردووه.