بڕیارە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمان لە ١ی نوامبر، واتا کەمتر لە سێ مانگی دیکە لە تورکیە بەڕێوەبچێ. هەڵبژاردنێک کە بە دەرەنجامی شکستی مێژۆیی پارتی داد و گەشەپێدان، ئاک پارتی، لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژوئەن دادەنرێ؛ کە تێیدا ئەو حیزبە نەیتوانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی تاک حیزبی، هاوشێوەی ١٣ ساڵی رابردوو بەدەست بهێنێ و هاوکات لە دانوستاندنەکانی ٤٥ رۆژە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانیش سەرکەوتوو نەبوو. دوابەدوای ئەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، بەبێ ئەوەی دەرفەتی پێکهێنانی حکومەت بە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بدا، بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە دووبارە بکرێتەوە و تا ئەوکاتیش حکومەتی کاتی لەنێو کۆتلە پەرلەمانییەکان پێک بهێندرێ و تا یەکلایی¬بوونەوەی یەکجاری چارەنووسی کورسییەکانی پەرلەمان، ئەو وڵاتە بەڕێوە ببات. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەردۆغان بۆ سەرکەوتنی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی پێش¬وەختە چ شتێک شک دەبا کە ئەو بڕیارەی داوە؟ خولیاکانی ئەردۆغان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بنەڕەتی وڵات، گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی و بەو پێیە زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار، کاتێک کە رێژەی دەنگەکانی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان تووشی داکشانێکی ٩ لەسەدی بوو، تەواو شێوان. تێڕوانینی ئیقتدارگەرایانەی ئاک پارتی و بەتایبەتی شەخسی ئەردۆغان لە رەوتی سیاست¬گوزاری ناوخۆیی و سیاسەتی “بێ چارەسەرهێشتنەوە”ی پرسی کورد و جیددی نەبوون لە پرۆسەی ئاشتی، هاوکات لەگەڵ ناسەرکەوتووبوونی سیاسەتی دەرەوەی تورکیە بە تایبەتی دژایەتی ئاشکرا و هاوکاری نهێنی لەگەڵ داعش و هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەی بەرامبەر خۆڕاگری کۆبانی، بە گرینگترین هۆکارەکانی داکشانی دەنگەکانی ئەو حیزبە دادەنرێن. بۆ گۆڕینەوەی نەخشەی سیاسی و بەڕێوەبەری تورکیە، پێدەچێ ئەردۆغان و حیزبەکەی حیسابیان لەسەر چەند دەرفەت و فاکتەری سەرەکی کردبێ: یەکەم؛ درێژەپێدان بە مێژوویەکی خوێناوی لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە. ئەم سیاسەتە کە دەسبەجێ پاش شکستی ئاک پارتی بۆ جارێکی دیکە دەستی پێکرایەوە بەدوای بەدەستهێنانەوەی دەنگی نیزامییانی تووندڕەو و گروپە محافزەکارەکانی تورکە کە پێناسەیەک جگە لە “تیرۆریست بوون” بۆ بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان بە پێشەنگایەتی پەکەکە قایل نین. دووەم؛ هەوڵی بە نایاسایی کردنی پارتی دێموکراتیکی گەلان، هەدەپە. تێپەڕاندنی بەربەستی ١٠ لە سەد و سەرکەوتنی مێژوویی هەدەپە وەکوو بزووتنەوەیەکی سیاسی کە ئەگەرچی لە هەناوی بزووتنەوەی مافخوازانەی باکووری کوردستان سەری¬ هەڵدا، بەڵام توانی متمانەی دەنگدەرانی چەپ و دێموکرات لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی سەرتاسەری تورکیە بەدەست-بهێنی و ببێتە گەورەترین مەترسی و لەمپەری بەردەم سیاسەتەکانی ئاک پارتی. ئەردۆغان هەوڵ دەدا تا گریمانەی پێوەندی تەشکیلاتی هەدەپە و پەکەکە بەهێز بکا تا لەو رێگەیەوە هەوڵی زەربەلێدان لە رێکخستنەکانی ئەو حیزبە بدا و دواجار کار بۆ بەنایاسایی راگەیاندنی کار و چالاکییەکانی بکا. لێدوانی تووندی بەرپرسانی حکومەت، کرانەوەی دۆسیەی دادگایی کردن بۆ سەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە و درێژەی دەستبەسەرکردنی بە لێشاوی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە هەر لەو راستایەدا پاساوهەڵگرە. سێهەم؛ رەنگە ئەردۆغان حیسابێکی تایبەتی لەسەر دەنگی محافزەکارانی کورد کردبێتەوە کە لە سێ دەورەی رابردوو، دەنگی خۆیان دەخستە ناو سندوقەکانی ئاک پارتییەوە. بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەی ترس و تۆقاندن بەڕێوەدەچێ و بە شێوەیەکی بەربڵاو بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێ کە لە ئەگەری بەدەستهێناوەی زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پێش¬وەختە، ئاک پارتی “ئاشتی و ئاسایش” دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بە سەرنجدان بە پشت-گوێ خستن و بەجێ¬نەگەیاندنی بەڵێنەکانی پێشوو و باشترنەبوونی دۆخی ئابووری و ئەمنی وڵات، بەدەست¬هێنانەوەی متمانەی ئەو بەشە لە دەنگدەران ئاستەمە. لە وەها دۆخێکدا زیاتر لە ئەردۆغان و ئاک پارتی، سەرنجەکان لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوت و سیاسەت کردنی هەدەپە و بەرپرسەکانی چڕ بوونەتەوە. لە حاڵێکدا کە ئاک پارتی گەورەترین شکستی سیاسی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ٧ی ژوئەن تۆمار کرد، هەدەپە، خاڵێکی وەرچەرخانی لە مێژوویی سیاسی تورکیە چەسپاند. بەو پێیە خەستتربوونی ململانێ و رکەبەری ئەو دوو لایەنە دوور لە چاوەڕوانی نییە. داهاتووی سیاسی هەدەپە، زیاتر لە هەر فاکتەرێکی دیکە بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو حیزبە چۆن لە ئیعتباری پەرلەمانی خۆی بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی مافخوازانەی کورد کەڵک وەردەگرێ، وڵامدەری داواکاری دەنگدەرانی غەیرە کوردی خۆی بێ و دەرفەتە یاساییەکان بۆ بەرەوپێش-بردنی ویست و پرۆژە سیاسییەکانی خۆی بقۆزێتەوە. پێشنیاری سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە، بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی یەک لایەنە لە لایەن پەکەکە، و ئاشکراکردنی ئامادەیی رێبەران و پەرلەمانتارەکانی حیزبەکەی بۆ بەشداری لە حکومەتی کاتی تورکیە، بە دوو هەڵوێستی پۆزەتیڤ لە راستای کەم کردنەوەی بارگرژییەکان ئەژمار دەکرێن. کورد بە ئیدارەکردنی چەند وەزارەت لە حکومەتی کاتی، بە کردەوە لە قۆناغی خەباتی سیاسی بەرەو دەسەڵاتدارێتی سیاسی دەروا و دەتوانێ بە پێشکێش¬کردنی ئەزموونێکی سەرکەوتوو تەنانەت لەو ماوە کەمەشدا، نەتەنیا وڵامدەری متمانەی دەنگدەرانی بێ بەڵکوو ترسی لایەنە تووندڕەوەکانیش لە دەسەڵاتدارێتی کورد بڕەوێنێتەوە. هەرچەند دەرەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ئاک پارتی بە شکستێکی سیاسی گەورە ئەژمار کراوە، بەڵام ئەم خاڵە جێی سەرنجە کە ئەو حیزبە ئێستاش گەورەترین حیزبی تورکیەیە، زیاتر لە ٤٠ لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بۆ بوون بە زۆرینەی رەها، تەنیا پێویستی بە ١٨ کورسی پەرلەمانی دیکەیە. هیچ سیاسەت و پرۆژەیەک لە تورکیە بەبێ بەشداری ئەو حیزبە دەرفەتی سەرکەوتنی نابێ، کە واتە پێویستە لایەنی کوردی و بەتایبەت بەرپرسانی هەدەپە لە لێدوانی ورووژێنەر خۆ ببوێرن کە یارمەتی بە بەرەوپێش چوونی پیلانەکانی ئەردۆغان دەدات. هاوکات لە قۆناغێکدا کە پەکەکە بۆ جارێکی دیکە، هێز و توانای نیزامی خۆی لەبەرامبەر شەڕفرۆشی ئاک پارتی نیشان داوەتەوە و دەسەڵاتی مەیدانی خۆی سەلماندۆتەوە؛ راگەیاندنی ئاگربەستی یەک¬لایەنە دەتوانێ جگە لە راکێشانی سەرنجی کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، یارمەتیدەری هەدەپە بێ تا لەو ماوەدا هەم لە ئەگەری بەشداری کردن لە حکومەتی کاتی رۆڵی خۆیان باشتر بگێڕن و هەم بۆ هێنانەوە بەر باسی پرۆسەی ئاشتی، سەنگ و قوورسایی زیاتریان هەبێ. درێژەپیدان بە دانوستاندنەکانی پرۆسەی ئاشتی، گواستنەوەی ململانێکان بۆ پەرلەمانی توركیا و هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بنەڕەتی بە قازانجی کورد، پێویستی بە کەشێکی ئارامە کە دەتوانێ لە ئاگربەست ¬ڕا دەست پێبکاتەوە.