فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای هۆرمۆزگان دەڵێ: لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ٥٠هەزار و ٣٨٦کەس لە “بەندەر عەباس “پارێزگای هۆرمۆزگان، بە هۆکاری جیاجیا دەسبەسەرکراون.
ناوبراو هەروەها وتی: ٥٠٣ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە منداڵی ژێر ١٤ساڵ، ٩٥٧٠ کەس ١٥ تا ٢٤ساڵ و تا دەگاتە کەسی بەتەمەنی سەرووی ٧٠ ساڵ.
شایانی باسە ئەمە تەنیا ئاماری یەک شاری پارێزگای هۆرمۆزگانە و ئەویش ئاماری بڵاوکراوی خودی ڕێژیمە و ئەوانەی کە نایانەوێ ئاشکرا بکرێن لەم بڵاوکراوەیەدا تۆمارنەکراون.
جیا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنەکان ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی یە ئەوەیە کە لەم ئامارەدا منداڵانی خوارتەمەن ١٤ ساڵ وخوار ١٨ ساڵ بە هەزاران کەسن کە خۆی لێرەدا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی مافی منداڵان و مافی مرۆڤە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزنەگرتنی کۆماری ئیسلامی لە یاساو ڕێسا ئینسانی و نێونەتەوەییەکان و هەروەها بۆشپرزەیی بواری دەروونی و ئاڵۆزیی کۆمەڵگەی ئێران کە بە هۆی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تەواوەتی تێکچووە و ژیان لە بندەستی کۆماری ئیسلامیدا واتایەکی نەماوە.
ئەگینا بۆ دەبێ منداڵانی خوار تەمەن ١٤ ساڵ و ١٨ساڵ بە جێگەی خوێندن و فێربوونی زانست لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بن.
شایەنی باسە کە ئەم ئامارە تەنیا یەک پارێزگایە لە ٦ مانگدا، لەحاڵێکدا ئەگەر ئاماری تەواوی وڵاتی ئێران لە بەرچاو بگرین زۆر سەرسووڕهێنەرو جێی تێڕامانە کە دەبێ هەزاران منداڵی ئەم وڵاتە لە بەندیخانەکاندا بن و لە ژیانی منداڵانەو خۆشییەکانی تەمەن بێبەش بن.
جێی ئاماژەیە کە هەرکەس لە ئێرانی بندەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە ڕاستای سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا نەبێ، ئەگەر داوای سەرەتاییترین مافەکانیان بکەن لە بەندیخانەکانی ڕێژیمەوە سەردەردێنن و بە دوژمنی خودا و پێغەمبەر و نیزام ناودەبرێن.