ئێسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند کە بنەماڵەی بێدەرەتان لە ئێران زۆرە و هۆشداریی داوە کە ئەگەر دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانی ئێران هاوکاریی هەژاران نەکەن، ئەوە دۆخی ژیان لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێ.
جەهانگیری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دۆخی ئابووریی وڵات باش نییە و خەڵک دەڵێن کە دەوڵەمەندەکان دەسەڵات و قسەی یەکەمیان پێیە و ئەوانەی کە بێدەرەتانن پێیان وایە هیچیان ڕۆڵێکیان نییە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆزی ئابووریی داین و من پێم وایە کە جیاوازیی ئابووری لەنێو چینەکانی وڵاتدا زۆر زۆرە و هەربۆیە پێم وایە کە دەوڵەمەندەکانی ئێران دەبێ خەرجی هەژاران و نەداران بدەن دەنا خەڵک بەهۆی نەدارییەوە شۆڕش دەکەن و ژیان و پارە و سەرمایەی ئەوانیش دەکەوێتە مەترسییەوە.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی بوودجەی وڵات باش نییە و ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی پێشوو گوشار لەسەر ئێرانە و سەرچاوە دارییەکانی وڵات هەمووی گەمارۆیان خراوەتە سەر و ساڵانەش دەبێ سەتا ٨٠ی بوودجەی گشتیی وڵات خەرجی دامودەزگا دەوڵەتییەکان و هێزە چەکدارەکان بکەین.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی گەندەڵپەروەری، بووەتە هۆکاری سەرەکیی نەداری و بێدەرەتانیی خەڵکی ئێران و بەپێچەوانەی قسەکانی جەهانگیری، دەوڵەمەندەکانی ئێران ئەرکیان ئەوە نییە کە خەرجیی بێکار و بێدەرەتانەکانی ئێران بدەن و ئەوە ئەرکی دەوڵەتە، کە وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە، هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنی و بوودجە و سامانی وڵات بخاتە خزمەت خەڵکی ئێران نەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئاژاوەگێڕییەکانی بیخاتە خزمەت وڵاتی تر یا گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان کە بێجگە لە زیان هیچ سوودێک بە ئێران و بە خەڵکی ئێران ناگەیەنن.