لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی گوندی “چنار مەحموود” سەربە شاری “لوردێگان” لە پارێزگای “چوارمەحاڵ و بەختیاری” دژ بە لێدانی دەرزیی تێکەڵ بە ئایدز لە خەڵکی چنار مەحموود لە لایەن بەرپرسی بنکەی تەندروستی ئەو گوندەوە و ئاشکرابوونی تووشبوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەس بە نەخۆشی ئایدز لە بەردەم فەرمانداری و دەفتەری پێشنوێژی ئەو شارەدا بە شێوەیەکی هێمنانە ناڕەزایەتییان دەربڕی بەڵام هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی نامرۆڤانە هێرشیانکردە سەر خەڵک و دواتر ئاڵۆزی لێکەوتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا خەڵکی ناڕازی هێرشیانکردە سەر بنکەو بارەگاکانی ڕێژیم، لەوانە فەرمانداری و دەفتەری پێشنوێژی ئەو شارەیان ئاگرتێبەردا.
شایەنی باسە کە وەزیری تەندروستی ڕێژیم، فەرماندەی سپای پاسداران و پارێزگاری ئەو پارێزگایە و هەروەها چەند نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم هەریەک بە شێوازی خۆیان بێڕێزییان بەو خەڵکە کرد و جارێکی دیکە سەلماندیان کە نەک هەرناتوانن و نایانهەوێ کێشەی خەڵک چارەسەر بکەن، بەڵکوو تەنیا زمانی سەرکوت و خوێنڕشتن دەزانن و بە زمانی هەڕەشە و تۆمەتی وەکوو دژبەری ڕێژیم و ئاژاوەگێڕ قسەیان لەسەر خۆپێشاندەران کرد.
شایانی باسە کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش وەکوو”ئیلام، ئیسفەهان وکازروون” بۆ پشتیوانی لە خەڵکی” لوردێگان” ناڕەزایەتی بەربڵاو و بەرچاو بەڕێوەچوو.
جێی ئاماژەیە کە لە شاری لۆردێگان و بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمەوە کەسێک بە ناوی “غەریب مووسەوی”تەمەن ٢٥ساڵ گیانی لەدەستدا و چەند کەسی دیکەش برینداربوون، هەربۆیە وێدەچێت ناڕەزایەتییەکان پەرەبستێنن.