وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران ڕایگەیاند کە کەسێک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سازمانی سیا، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەرداسەپاوە و ئێستا حوکمەکەی لە دیوانی بەرزی وڵات لە قۆناغی پێداچوونەوە دایە.
غولام حوسێنی ئیسماعیلی وتەبێژی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند کە “عەلی نەفریە” بە تاوانی جاسووسی بۆ دەزگاکانی سازمانی “سیا”ی ئەمریکا بە ١٠ ساڵ زیندانیی و گەڕاندنەوەی ٥٥ هەزار دۆلار کە لەبەرابەر کارەکەیدا وەریگرتبوو، حوکم درا.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ سیخوڕی بۆ دەوڵەتانی بێگانە، ناوبراو ڕایگەیاند کە دوو کەسی تر بە ناوەکانی محەممەد ئەمیر نەسەب بە تۆمەتی جاسووسی بۆ دەوڵەتی بریتانیا و محەممەد عەلی باباپوور بە تۆمەتی جاسووسی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا ، هەر کامەیان بە ١٠ ساڵ زیندان و گەڕاندنەوەی ٥٥ هەزار دۆلار مەحکووم کراون.
سیخوڕی کردن بۆ دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی بێگانە لەنێو دامودەزگا هەستیارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەمێکە باسی لێوە دەکرێ و هەر ساڵی ڕابردوو وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند کە ٢٩٠ کەسیان لەنێو ناوەندە هەستیارەکانی ئێران ئاشکرا کردووە کە جاسووسی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا دەکەن.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندیدا گەندەڵی گەیشتۆتە جێگەیەک کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لە دزینی پووڵ و پارەوە تا دەگاتە وەدەستهێنانی پارە لە ڕێگەی سیخوڕیکردن بۆ بێگانە، داگرتوە و بەهۆی تێوەگلان و بەتاڵان بردنی سامانی خەڵک لەلایەن ئاخوندە پلەبەرزەکانی نێو دەسەڵاتەوە، گەندەڵی و سیخوڕی بوونەتە کاری ڕۆژانەی کاربەدەستانی ڕێژیم و هەر ڕۆژە کەسێک بەجۆرێک لەگەندەڵییەوە دەگلێ. برای حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران کە دوێنێ بەهۆی گەندەڵییەوە ناوی کەوتە نێو میدیاکانی جیهان، یەکێکی دیکەیە لەو هەزاران نموونەی کە لە ئێراندا بەرچاو دەکەون.