بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا ١٥٠ کرێکاری کارخانەی “نەیشەکەری حەوت تەپە” گرێبەستی کاریان تەواو دەبێ و بۆیان نوێ ناکرێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێدەچێ لەکارەکانیان دوور بخرێنەوە.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە و لە زاری بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی حەوت تەپە، چەند ڕۆژ پێشتریش ٢١ کرێکاری دیکە لەو شوێنە دەرکراون.
شایەنی باسە کە مانگرتنی کرێکارانی ئەو کارگەیە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەرکردنی ٢١کەس لە هاوکارەکانیان لە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوییەوە دەستیپێکردووە و ٤٠ کرێکاریش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کراون.
ئەم کارگەیە کۆنترین کارگەی بەرهەمهێنەری شەکرە لە ئێران و زیاتر لە ٤٠٠٠ کرێکاری هەیە.
پێشتریش ئیسماعیل بەخشی نوێنەری کرێکارانی ئەو کارگەیە و پارێزەری ناوبراویش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکراون و هەرکامیان بە ٨ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.