سی ساڵ لە مردنی خومەینی تێدەپەڕێ، بەڵام هێشتا ئەو دامەزراوەیە کە بەنێوی ئەوەو دانراوە، وەکوو ڕێکخراوەیەکی نێوەدەوڵەتی خەریکی چالاکییە. داهات و دەرکەوتی ئەو ناوەندە بە تەواوی ڕوون نییە و هیچ جۆرە ڕاپۆرتێکی فەرمی و متمانەپێکراو سەبارەت بە داهات و دەرکەوتەکانی بەیتی خومەینی، بوونی نییە. ئەوەی کە چەند کاربەدەستی فەرمی و مووچەخۆر لەو دامەزراوە خەریکی کارن، نادیارە. تێچووەکانی دروستکردن و پاراستنی بارەگای ڕێبەری پێشووی ئێران چەندە و لە کوێ دابین دەکرێت، داهات و تێچووەکانی ناوەندی بڵاوکراوەکانی بەیتی خومەینی چەندە و لەکوێ دابین دەکرێت، کارکرد و هاوردە و هەناردەی ڕێکخراوەی توێژینەوەی بەیتی خومەینی چییە نادیارە، بەڵام ئەو شتەی کە ڕوونە، ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە بوودجەکاندا ڕێژەیەکی تایبەت بۆ بەیتی خومەینی ڕەچاوکراوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
لە بوودجەی ساڵی ۹٨، کۆی ئەو پارانەی کە تایبەت بە ڕێکخراوە و بنکەکانی ژێر چاوەدێری بەیتی خومەینی بوون ٦۰ ملیارد تمەن بووە کە لەم نێوەدا ۲٦ ملیار و ۲۰۰ ملیۆن تمەن بۆ ڕێکخراوەی بڵاوکراوەکانی و پاراستنی ئاسەواری خومەینی تەرخانکراوە. ۲٤ ملیارد و ٥۰۰ میلیۆن تمەن بۆ بارەگای خومەینی و ٨ ملیارد و ٥۱۰ ملیۆن تمەنیش هی توێژینگەی خومەینی بووە.
پێویست ناکا بچینە ناو وردرکارییەکانەوە بەڵام بەبەراوردێک، بوودجەی توێژینەوەی ئیمام خومەینی بەرامبەرە لەگەڵ بوودجەی توێژینگەی ژینگە و ٥۰۰ ملیۆن تمەن زیاتر لە بوودجەی توێژینگەی ئابووری وپێنج ئەوەندەی بوودجەی توێژینەوەی قەیرانە سروشتییەکان لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوییە.