بێهزادی ئالیخانی زیندانیی سیاسیی کورد له کاتێکدا چاوه‌ڕوانی پێداچوونه‌وه به حوکمه‌که‌ی بوو، ئیعدام کرا.
له دوو ساڵی رابردوودا ژماره‌ی ئیعدامه‌کان له ئێران‌دا به شێوه‌یه‌کی که‌م وێنه زیادی کردووه. هه‌ر چه‌ند سه‌رکوتی مافه‌کانی مرۆڤ بۆ سیسته‌مێکی سیاسی وه‌ک کۆماری ئیسلامی به‌شێکه له ماهیه‌تی ده‌سه‌ڵات و خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کانه، له هه‌مان کاتیش‌دا ئیعدامی ده‌یان و بگره سه‌دان که‌س له کارنامه‌ی ساڵانه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا، بۆته دیارده‌یه‌کی سروشتی كه هه‌م کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌م گه‌لانی ئێران پێی نامۆ نین و کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆشیان به‌رامبه‌ری نییه، به‌ڵام هێنانه به‌ر باسی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و به تایبه‌ت ئیعدام پاش هاتنه سه‌ر کاری ده‌وڵه‌تی روحانی له چه‌ند رووه‌وه شیاوی رامانه.
یه‌که‌م: روحانی که له بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی میانه‌ڕه‌و خۆی ناساند و به هێنانه‌گۆڕی کۆمه‌ڵێک دروشمی ریفۆرمیستی، توانی متمانه‌ی به‌شێکی گه‌وره له کۆمه‌ڵگای ئێران و بتایبه‌ت کوردستان به ده‌ست بێنێ، هه‌ر له سه‌ره‌تای چوونی بۆ کۆشکی سه‌رکۆمارییه‌وه سه‌لماندی پارێزه‌ری راسته‌قینه‌ی بنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامییه، نه‌ک مافی خه‌ڵک و بۆ ئه‌وه هاتووه له‌و قۆناغه دیاریکراوه‌دا ئه‌رکی پێ‌سپێردراوی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێ. ئه‌گه‌ر ئه‌رکی سه‌رکۆماری پێشوو ئه‌وه بوو به خولانه‌وه‌ی شه‌پۆلی نوور له ده‌وری سه‌ری له بنکه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، میدیاکان و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سه‌رقاڵ بکا تا پێناسه‌یه‌کی ده‌گمه‌ن له کۆماری ئیسلامی پێشان بدا، ئه‌رکی سه‌رکۆماری ئێستاش ئه‌وه‌یه وێنایه‌کی ئه‌مڕۆیی تر و سازگارتر ده‌ربخا و وڵاته‌که‌ی تا راده‌یه‌ک له گۆشه‌گیری رزگار بکا و گه‌ره‌نتیی پاراستنی نیزام بێ به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانه‌وه.
به واتایه‌کی دیکه هه‌ر دوو ئاراسته ته‌عبیر له یه‌ک ئامانج ده‌که‌نه‌وه که هه‌مان درێژه‌دانه به دیکتاتۆری و پاوانخوازی.
دووهه‌م: خۆ ئه‌گه‌ر کرانه‌وه‌یه‌کی سیاسیش له گه‌وره شاره‌کانی ناوه‌ندی ئێران روو بدا، بارودۆخه‌که له کوردستان رۆژ له دوای رۆژ به‌ره‌و داخراوی و چه‌قبه‌ستوویی زیاتر ده‌ڕوا. گه‌لی کورد له روانگه‌ی چه‌پ و راست و ریفۆرمخواز و ئوسوولگه‌راوه هه‌ر دوژمنه‌که‌ی ساڵانی سه‌ره‌تای شۆڕشه و گۆڕانی ئه‌و روانگه‌یه به‌رامبه‌ر کورد به واتای گۆڕانی کۆی نیزامه. ئه‌وه له کاتێکدایه سه‌ره‌ڕای هه‌موو گوشاره‌کان له سه‌ر ئه‌تمۆسفێری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستان، تا ئێستاش ژماره‌یه‌ک له چالاکانی کورد ئاماده نین به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و بارودۆخه بخه‌نه ئه‌ستۆی حکومه‌تی رووحانی. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن وا نیشان بده‌ن لایه‌نگه‌لێک له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی رووحانی خوڵقێنه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌ن. به وته‌ی ئه‌و چالاکانه ده‌وڵه‌ت ده‌یهه‌وێ ریفۆرم بکا و لایه‌نی دیکه رێگری لێده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه راستیش بێ و سه‌رکوته‌کان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت دابن، دیسان ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیاره‌تی گه‌وره‌ی ده‌که‌وێته سه‌رشان و ناتوانێ نکۆڵی له‌وه بکا که له ده‌وڵه‌تدا نه ته‌نیا ئیراده‌یه‌کی جیددی بۆ پێش‌گرتن له ده‌زگای سه‌رکوت بوونی نییه به‌ڵکوو ئۆرگانه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت شه‌ریک و به‌شداری پرۆسه‌که‌ن.
سێهه‌م: سه‌رقاڵ بوونی خه‌ڵکی ئێران به خه‌می نان و دابین کردنی پێداویستییه‌کانی ژیان، وای کردووه شایه‌دی بێ ته‌فاوه‌تی و خه‌مساردیی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگای ئێران بین سه‌باره‌ت به پێشێلکارییه ئاشکرا‌کانی مافی مرۆڤ و به تایبه‌ت ئیعدامی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی.
له کاتێکدا لاوێکی تازه‌پێگه‌یشتوو به تاوانی جیابیری و له ده‌ره‌نجامی چالاکیی سیاسی و مه‌ده‌نی دا زیندان و دواتر ئیعدام ده‌کرێ کۆمه‌ڵگای ئێران نه له سه‌ر ئاستی رای گشتی و نه له سه‌ر ئاستی نوخبه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی نێوخۆدا که‌مترین کاردانه‌وه‌ی نییه. ئاشکرایه هه‌ر کاردانه‌وه‌یه‌ک له ئاست وه‌ها رووداوێکدا ده‌چێته خانه‌ی ئه‌منییه‌وه و تێچوویه‌کی زۆری ده‌بێ، به‌ڵام خۆ ویژدانی زیندووی کۆمه‌ڵگای ئێران و به تایبه‌ت کوردستان ده‌بێ خۆی قه‌رزاری رۆڵه ئازاکانی ببینێ، ده‌بێ نرخی ئازادی و به‌ها باڵا مرۆییه‌کان بدا تا دووره دیمه‌نێکی گه‌ش چاوه‌ڕوانی بکا. ئازادی و به‌خته‌وه‌ری له هه‌موو کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووه‌کاندا ده‌ره‌نجامی ره‌نج و ماندووبوونی گه‌له و له بۆشایی دا نه‌هاتۆته دی و نایه‌ته‌دی.
ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ کۆمه‌ڵگای ئێران و کوردستان بێ ده‌نگ و ملکه‌چی سیاسه‌تی سته‌مکارانه بێ، بێ گومان ئه‌وه وه‌ک فه‌رهه‌نگێکی ترسنۆکانه نه‌هادینه ده‌بێ و سه‌رکوت و بێ مافی له ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانکارییه‌کی سیاسیش‌دا درێژه‌ی ده‌بێ. واته گه‌لانی ئێران ناتوانن هیوادار بن پاش نه‌مانی ئه‌و سیسته‌مه‌ش خاوه‌ن مافه‌کانیان بن. ئه‌گه‌ر نه‌سلی ئه‌وڕۆ به‌و چه‌شنه له به‌رابه‌ر ئیعدامی رۆڵه‌کانی دا بێ هه‌ڵوێست بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌سله له ئاست به‌رپرسیاره‌تی مرۆیی و مێژوویی خۆی دا نه‌بێ، چۆن ده‌توانێ وڵامی نه‌وه‌کانی دوای خۆی بداته‌وه. مێژوو ئه‌و ساته‌وه‌ختانه به وردی تۆمار ده‌کا و له باره‌یه‌وه قه‌زاوه‌ت ده‌کا.