کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ٢٥٢ میلیۆن دۆلار بە دوو بنەماڵەی دوو کەسی ئەمریکایی رفێندراو لە لایەن حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزا درا.
قازییەکی فیدڕاڵی ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ٢٥٢ میلیۆن دۆلار سزادا و بەپێی ئەو حوکمە ئەو پارەیە دەدریتە بنەماڵەکانی” جان هیمن کۆنە سەربازی ئەمریکایی و مارک مکلیستر”. ” جان هیمن” لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە کاتێکدا کە لە لایەن حوسییەکانی یەمەن بە گرۆگان گیرابوو، کوژرا.
دوای ئەوەی کە قازی حوکمی پێدانی ٢٥٢ میلیۆن دۆلاری دژ بە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا وتی: ” ئەو پارەیە بۆ گەڕانەوەی گیانی جان هیمن نییە، بەڵکوو ئەوە سیگناڵێکی نێودەوڵەتییە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرۆگانگیری لە باڵوێزخانەی ئەمریکاوە لە تاران دەستی پێکرد و تا ئێستاش ئەو سیاسەتە بۆ مەبەستە تایبەتی و باجوەرگرتنی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتان هەر درێژەی هەیە. هەر ئێستاش چەند کەسێک لە خەڵکی وڵاتان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە بەندیخانەکانی ئێراندا ن یا لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە گیراون و بێسەروشوێنن. هەر بە تۆمەتی تێرۆر حەوتووی ڕابردوو دەوڵەتی کانادا بە ٢٨ میلیۆن دۆلار مڵک و ماڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە کانادا فرۆشت و ئەو پارەیە دەدرێتە بنەماڵەی قوربانیانی دەستی تێرۆر کە لە لایەن میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کراون. بێگومان ئەو حوکمەی دادگای ئەمریکاش پەروەندەیەکی ڕەشە لە سەر پەروەندە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەو حوکمانە ئەو ڕێژیمە لە نێو بیروڕای گشتیی جیهاندا ڕۆژبەڕۆژ بێزراوتر و زیاتر تەریک دەکەوێتەوە.