ناحیه‌ی ١ی سنه به ٧٠ هه‌زار كه‌سی حه‌شیمه‌ته‌وه، تا ئێستاش له بوونی فه‌زای سه‌وز بێبه‌شه.
ئه‌ندامێكی شوورای ئیسلامیی شاری سنه ڕایگه‌یاندووه، ناحیه‌ی ١ی سنه كه به‌ره‌و شاری نایسه‌ر ده‌ڕوا و یه‌كێك له پڕحه‌شیمه‌تترین و گرینگ‌ترین ناوچه‌كانی ئه‌م شاره‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ٧٠ هه‌زار كه‌سی لێ ده‌ژی، به‌ڵام تاقه ١ میتریشی وه‌ك پارك و فه‌زای سه‌وز بۆ ته‌رخان نه‌كراوه.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی ئیسنا، ئه‌سعه‌د فه‌تتاحی ئه‌ندامی شورای شاری سنه، له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شوورای شاری سنه‌دا كه به مه‌به‌ستی تاوتوێ كردنی بارودۆخی فه‌زای سه‌وز له‌م شاره به‌ڕێوه‌چوو، گوتی: به سه‌رنجدان به قه‌یرانی كه‌میی ئاو و وشكه ساڵیی به‌رده‌وام له‌م پارێزگایه، پاراستن و ئاگاداری كردن له سه‌وزاییه‌كانی شاری سنه كارێكی دژوار و ئاسته‌مه.
ئه‌ندامی شوورای شاری سنه هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه له ژێر ناوی پێك هێنانی پاركی ناوه‌ندی له شاری سنه به مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی شوێنێكی خۆش بۆ گه‌شت و سه‌یرانی خه‌ڵكی ئه‌م شاره و مسافیران و گه‌شتیاره‌كان، چه‌ند گرفتێك وه‌ك زۆر بوونی ئاستی ترافیك له ناوه‌ندی شار ده‌خوڵقێنێ كه ده‌بێ به وردبینییه‌كی زیاتره‌وه تاوتوێی ئه‌م مه‌سه‌له بكرێ.
ناوبراو وێڕای ئاماژه به گرینگیی سه‌وزایی له نێو شار و ده‌وروبه‌ر گوتی: یه‌كێك له‌م به‌ڵێنییانه‌ی كه كاندیداكانی هه‌ڵبژاردن به خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌یان دابوو په‌ره پێدان به فه‌زای سه‌وز و وه‌به‌ر چاو گرتنی شوێنێكی باش بۆ سه‌یران و حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وان بوو، له حاڵێكدا كه پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌م بهڵێنییانهیان له بیر خۆیان برده‌وه و پشت گوێیان خستن.
فه‌تتاحی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتوویه‌تی وه‌به‌رچاو گرتنی شوێنێك بۆ پارك و فه‌زای سه‌وز له‌م ناوچانه پێویستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره و شوێنێكی وه‌ك ناحیه‌ی ١ به‌م حه‌شیمه‌ته زۆره‌وه نابێ له‌م ئیمتیازه بێبه‌ش بكرێ.