لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا١٢٠ چالاکی خوێندکاری ومەدەنی بۆ سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم دژایەتیی ئاشکرای خۆیان سەبارەت بە هەڵسوکەوت و حوکمی ناڕەوای ئەم دواییانەی دەزگای ناوبراو پاش هاتنە سەرکاری ڕەییسی لە دژی خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان و چالاکانی سیاسی ڕاگەیاند.
لەو نامەیەدا ئاماژە بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ دراوە کە بە بیانووی ئەمنییەتی و بێبنەما لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە پێشێل دەکرێن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێ.
هەروەها لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتووە کە ئێوە ئەگەر نییەتی چاکسازیتان هەیە لە شوێنی خۆتانەوە دەسپێکەن و، گەندەڵییەکانی خۆتان بە گرتن و ئەشکەنجە و بێڕێزی بە خەڵکی ئێران لە بیری خەڵک نەبەنەوە. ئێمە ئاگادارین کە تەنانەت یاسا بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامیش هەر لەو دادگایانەدا پێشێل دەکرێن، بۆ نموونە مافی ڕێپێوانی هێمنانە، و پێکهێنانی ئەنجومەنە سیاسی و مەدەنییەکان و کۆبوونەوەکان و ئازادی بەیان، لە یاساکانی حکوومەتیشدا هەیە، بەڵام هەر بەو هۆکارانەشەوە خەڵک دەسبەسەر و زیندانی و ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدامیش دەکرێ .
لە کۆتایی ئەو نامەیەدا هاتووە کە ئێمە نە تەنیا خوازیاری لابردنی ئەم حوکمانەین کە دراون بەڵکوو خوازیاری گەڕانەوە بۆ دادپەروەری و هەروەها پێداگری لەسەردانانی دادگای سەربەخۆ و دادپەروەر دەکەین و، هەروەها داوای گۆڕینی هەموو دادوەر و تەنانەت کارمەندێکی دەزگای دادیش دەکەین.