عه‌دنان حه‌سه‌نپوور ڕۆژنامه‌وانی كورد له‌گه‌ڵ دوو زیندانیی سیاسی دیكه به بێ هیچ هۆكارێك له زیندانی مه‌ریوانه‌وه بۆ زیندانی سنه گۆاسترانهوه. به‌پێی ڕاپۆرتی كه‌مپه‌ینی به‌رگریی له زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نی، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، ته‌ها محه‌ممه‌دی و فه‌رهاد شه‌فیعزاده سێ زیندانیی سیاسیی كورد له زیندانی ناوه‌ندیی مه‌ریوان بۆ زیندانی شاری سنه گۆاسترانهوه. ده‌وترێ كه هۆكاری گۆاستنهوهیان ناڕوون به‌ڵام به بڕوای هێندێك له چالاكانی كورد ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٣٤ له‌سه‌ر ئه‌م ٣ به‌ندکراوه‌یه. عه‌دنان حه‌سه‌نپوور پێشتر له مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ٩٢ له زیندانی سنه بۆ زیندانی مه‌ریوان گۆاستراوه‌ته‌وه ناوبراو هه‌ر له‌م مانگه‌شدا دووباره له زیندانی مه‌ریوانه‌وه بۆ زیندانی زابول له پارێزگای سیستان و به‌لووچستان دوور خرایه‌وه. ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسه به‌ندکراوه ساڵی ڕابردوو پاش تێپه‌ڕكردنی ٨ ساڵ زیندان بۆ یه‌که‌م جار توانی له ده‌ره‌وه‌ی زیندان چاوی به بنه‌ماڵه‌كه‌ی بكه‌وێ. عه‌دنان حه‌سه‌نپوور له مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٨٥ ده‌سبه‌سه‌رو پاش تێپه‌ڕكردنی چه‌ند مانگ له گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعات و پاشان له دادگای شاری مه‌ریوان به تۆمه‌تی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا و هه‌وڵدان دژی ئه‌منیه‌تی میللی حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پاو پاشان له دادگای پێداچوونه‌وه‌ی حوكمی ئێعدامه‌كه‌ی بۆ ٣١ ساڵ زیندانی ته‌عزیری كه‌م كرایه‌وه و بۆ جارێكی دیكه‌ش به‌دوای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی پارێزه‌ره‌كانی و پێداچوونه‌وه‌ی دووباره به په‌روه‌نده‌ی ناوبراو حوكمه‌كه‌ی بۆ ١٦ ساڵ دابه‌زی.