ڕێژیم کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی چل ساڵەی خۆیدا هیچکاتێک وەک ئێستا سەرگەردان و بێدەرەتان و بێ پشتیوان نەبووە.
دوای دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئابووری ئێران بە تەواوی داڕماوە و قەیرانە کەڵکە بووەکان ڕێژیمیان خستۆتە بەردەم ڕێگەیەکی سەخت کە بەهۆی هەڵەی حوکمڕانانیی وڵات و ڕابردووی پڕ لە تێرۆر و جینایەت و ئاژاوەگێری ئەو ڕێژیمەوە هیچ لایەنێک دەستی یارمەتی بۆ درێژ ناکا.
دوای ئەوەی کە ڕێ لە فرۆشتنی نەوتی ئێران گیرا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە ڕێگا نایاساییەکانی گرتەبەر و کەشتییەکی نەوتی بە قاچاغ ڕەوانەی سووریە کرد کە لە “جەبەلول تارق” لە لایەن بریتانیاکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و دوای یەک مانگ ئازاد کرا، بەڵام تا ئێستاش هەر سەرگەردانە و هیچ کۆمپانیایەک نەوتەکەی لێناکڕێ و لەنگەرگەیەک بەدی ناکا.
سەرگەردانیی کەشتیەکە و سەرگەردانی ڕێژیم دوانەیەکن کە هەر بە دوای لەنگەرگەیەک و بە خەیاڵی دەستی خێرخوازێکن کە لە دەست شەپۆلی دەریا و لە سەرگەردانی ڕزگاریان بکا، بەڵام تا ئێستا کەس ئاوڕێکی بەخێری لێنەداونەوە و وەک تۆپی فوتباڵ پاس پاسێنی پێدەکەن.
ڕێژیم ماوەی یەکساڵە لە دەرگای هەموو کەسی دا و پەنای بۆ هەموو ڕیاکاری و چەواشەکارییەک برد، زەریف یەکێک لە کاربەدەستە جینایەتکارەکانی ڕێژیمە کە بە پێکەنینە ڕیاکارییەکەی خۆیەوە دەیهەوێ لایەنی بەرانبەر بە قەناعەت بگەیەنێ و ڕێگایەک بۆ دەرباز بوونی ڕێژیمەکەی ببینێتەوە و واپێشان بدا کە دەروون و سیاسەتەکانیشیان هەر خۆشی و خەندەیان لێدەبارێ و دوای چل ساڵ لە جینایەت و خیانەت و تێرۆر و ئاژاوەنانەوە دەیانهەوێ ئێستاش خەڵک باوەڕ بە قسە و پێکەنینە ژەهراوییەکانیان بکا.
کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەوڵەتەکەیان کەوتۆتە پەلەقاژە و لەنێوخۆ و لە دەرەوە کڕیار و پشتیوانی نەماوە، لە دەرگای هەر کەسێک دەدەن کە پێیان وایە سەرە داوێکی بە دەستە و وەک کەشتییە سەرگردانەکەی دەریای مەدیتەرانە هەر ڕۆژە بەرو شوێنێک ڕێگە دەگرنەبەر تا بتوانن لەنگەرگەیەک بدۆزنەوە کە لەنگەر بگرن و کڕیارێک بۆ نەوتەکەین پەیدا بکەن. تەنیا کڕیاری نەوت و گازی ئێران دەوڵەتی تورکیە بوو کە ئەویش ئێستا نیوەی گازەکەی لێدەکڕێ و قەرارە دوای سێ مانی دیکە کڕینی نەوتی ئێرانیش بە تەواوی ڕابگرێ ئەوەش کۆتایی هیواکانی ڕێژیمە بە فرۆشتنی نەوتەکەی کە ئابووری وڵاتی ئێران بە نەوتەوە بەندە و بێ فرۆشتنی نەوت ئابووری ئێران بەرەو داڕمان و تەمەنی ڕێژیمیش بەرەو کۆتایی و نەمانە.