ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی جاشە خۆفرۆش و خائینەکانەوە هەڕەشە لەو مامۆستا ئایینیانە دەکا کە لە وتارەکانیاندا باس لە بەیەکەوە بوون و نیشتمانپەروەری دەکەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە هەموو دەنگە ناڕازی و نییشتمانپەروەرییەکان دەوەستێتەوە و بێ جیاوازی لە نێوان کەسانی ئایینی و لائیک، هەڕەشە لە هەر کەس و لایەنێک دەکا کە لە حاست ناهەقی و زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی قسە بکات. ڕێژیم لەگەڵ ئەوەی کە هیچ ڕێزێک بۆ مامۆستایانی نیشتمانپەروەری سوننە مەزهەب دانانێ، ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی ترساندن و گرتن و ڕاوەدوونانی ئەو مامۆستایانەیە کە باس لە کوردایەتی و دژ بە خیانەت وتار دەدەن و قسە دەکەن.
ساڵی ڕابردوو لە ناوچەکانی بانە و سەقز گوشاریان خستە سەر مامۆستایانی ئایینی و لە سەقز مامۆستایەکیان بە زۆر لە مزگەوت وەدەر نا و مۆرەیەکی بەکرێگیراوی خۆیان لە جێگەکەی دانا. لە ناوچەی بانە چەند مامۆستایەک لە ترسی گرتن و هەڕەشەکانی ڕێژیم وڵاتیان جێهێشت و پەڕیوەی هەندەران بوون. لەمڕۆژانەدا ڕێژیم لە ناوچەی بۆکان گوشاری خستۆتە سەر مامۆستایانی ئاینیی و لە ڕێگەی جاش و مۆرە خیانەتکارەکانەوە هەڕەشە لە مامۆستای یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی بۆکان کراوە کە لە وتارەکەیدا باسی لە خیانەت و جاشەتی کردبوو و بە ناچار لە ترسی هەڕەشەی خۆفرۆشەکان گوندەکەی بەجێهێشتوە.
مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانپەروەی کورد لە پێشەوا قازی محەممەدەوە تا مەلا ئاوارە و زۆر مامۆستای شۆڕشگێڕی کورد کەوتوونەتە بەر تیغی دەستی دژمن و لە ڕێگەی کوردایەتیدا گیانی خۆیان فیدای گەل و نیشتمانەکەیان کردووە.
دوای رووخانی کۆماری کوردستان لەو کاتەدا کە ڕێژیمی پاشایەتی ترس و خۆفی لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە، حوجرە بوو بە مەکۆی شۆڕشگێران و سەدان مامۆستای ئاینیی بوونە ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و لە پێناو ڕزگاری گەل و وڵاتەکەیاند کەوتنە بەندیخانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی، زۆریان پەڕیوەی باشووری کوردستان بوون و بوونە پێشمەرگە و لە ڕێگەی پاراستنی خاک و نەتەوەکەیاند گیانی خۆیان فیدا کرد و چوونە نێو ڕیزی نەمرانەوە.
مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانپەروەری کورد هەمیشە لە بەرانبەر زوڵم و ناعەداڵەتیدا وەستاونەتەوە و هیچ کاتێک سەریان بۆ دژمن نەوی نەکردووە و لە بەرابەر پووڵ و پارەدا کەرامەت و نیشتمانی خۆیان نەفرۆشتوە.
لە ڕێگەی ڕوونکردنەوە و وریاکردنەوەی خەڵکدا نەهامەتی زۆریان چێشتوە، لە ڕێگەی کوردایەتی تووشی بێڕێزی و گرتن و ئەشکەنجە بوونەتەوە، بەڵام لەنێو خەڵکی خۆیاند هەردەم ڕووسوور و سەرفەراز بوون و ئەگەر لەو ڕێگەیەشدا گیانیان بەخت کردبێ ئەوە بۆ هەتا هەتایە لەنێو دڵی خەڵکیدا ماونەوە، بەڕێزەوە یادیان کراوەتەوە و بوونەتە جێگەی شانازی خەڵک و بنەماڵە و کەسووکاریان.











