لە شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام بە بۆنەی یەکەمین ساڵی کارەساتی دڵهەژێنی ١٧ ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغی کرا.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری ئەیوان، بە بڵاوکردنەوەی تڕاکت و نووسراوەی پێوەندیدار بۆ جارێکی دیکە بکەرانی کارەساتی ١٧ خەرمانانیان مەحکوومکرد.
شەوی ڕابردوو ١١ی خەرمانان ٩٨ی هەتاوی لایەنگرانی و خەمخۆرانی بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان لە شاری ئەیوانی سەربەرز لە چەندین شوێنی بەرچاوی ئەو شارە بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تڕاکت هاوکات لەگەڵ هێرشی هەوایی بۆ سەر قەڵای دێموکرات و شەهیدکردنی پۆلێک لە کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە، لە سێدارەدانی سێ لاو و بەندیی سیاسیی کوردیان وەبیرهێناوەتەوەو پشتیوانی خۆیانیان لە قەڵای دێموکرات و سەرجەم ئازدایخوازانی کورد دەربڕیوە.
ئەو شوێنانەی لە شاری ئەیوان کە تێیدا چالاکیی تەبلیغی کراون بریتین لە ؛ کۆڵانی تەنیشت تونێل قەدیم، تابلووی سەراو، شارەکی ئەندێشە، تابلووکانی تونێڵی تازە، لە گەڵ چەندین شەقام و گەڕەکی دیکەی شاری ئەیوان.
شیاوی باسە ساڵی ڕابردووش لە ٢١ خەرمانان لە هەڵوێستێکی بێوێنەدا تێکڕای خەڵکی کوردستان بە مانگرتنی خۆیان کردەوەی تیرۆریستی ١٧ خەرمانان و لە سێدارەدانی سێ لاوی کوردییان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد.