رۆژی شەممە ڕێكەوتی ٣١ی ئاگۆستی ٢٠١٩ی زاینیی، ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە میوانداری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و سەرپەرستیی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، هاوڕێ “عەبدوڵڵا موهتەدی”، كۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
ئەم كۆبوونەوە بە بەشداریی هەر یەك لە بەڕێزان، مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران؛ عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی کوردستان؛ مستەفا مەولوودی، سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان و عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەكەدا چەندین باس و تەوەری گرنگی سیاسیی پێوهندیدار به ناوچەكە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی گفتوگۆی لە سەر كرا و وێڕای ئاڵوگۆڕی بیروڕا بەشداربووان هەڵوێست و بۆچوونی خۆیان بە ئاگاداری یەكتر گەیاند. لایهنهكانی بهشدار له ناوهندی هاوكاریی حیزبهكانی كوردستانی ئێران سەرجەم هاوڕا بوون كە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بە خولقاندنی قەیران، ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر لە نێو ڕق و بێزاری كۆمەڵانی خەڵكی ئێراندا نوقم دەبێ و كۆمەڵانی خەڵك لەو پەڕی ناڕەزایەتی و بێزاری لەو ڕژیمە، بە خەباتی جەماوەری و مەدەنی لێی هاتوونەتە پێش و هەموو دیاردەكان دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە كۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسی و لە بواری مەشرووعییەتی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتیدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو كزی و لاوازی دەڕوا.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە چاوخشاندنێك بوو بەسەر كار و ئەركەكانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، كە وێڕای هەڵسەنگاندنی كار و چالاكییەكانی ئەم ناوەندە و كاردانەوەی لە سەر خەباتی گشتی و هەروەها یەكگرتووی خەباتی سیاسی و جەماوەری لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، بە پێویست زانرا لە دەوری داهاتوودا ئەم ناوەندە ئاستی چالاكییەكانی بۆ وڵامدانەوە بە پرسە گشتییەكان و هەروەها هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان حیزبەكان و خەباتكارانی ناوخۆ و بزووتنەوە جەماوەرییەكان، پەرە پێبدا و لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی ئەم بزووتنەوەیە بكا.
وڵامدانەوە بهو ئەگەرانەی كە پێدەچێت لە ڕەوتی بهرهوپش چوونی ڕووداوهكان ئێران و ناوچەكە، حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، رووبەرووی ببنەوە تهوهرێكی دیكهی دانیشتنهكهی سكرتێری گشتی حیزبهكانی كوردستانی ئێران بوو. لهو تهوهرهدا ههمووان ڕای خۆیان لهوبارهیهوه خستهڕوو كه چۆن بتوانن له ئهگهری هاتنهئارای ههلومهرجی نوێ، ڕەوتی خەبات بهرهو پێش بەرن و لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی ڕەوای گەلی كورد لە دهرفهتهكان كەڵكی پێویست وەرگرن. بەم مەبەستە لە سەر هاودەنگی، یەكگرتوویی هەرچی زیاتری حیزبەكانی بەشدار لە بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران جەخت كرایەوە.
لە كۆتایی ئەم دیدارەدا چەند بابەت بۆ كار و چالاكی و چۆنیەتیی ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ پرسە سیاسییەكان بڕیاریان لە سەر درا تا لە داهاتوودا بچنە بورای جێبەجێ كردنەوە.
كۆبوونەوەكە دوای چەند كاتژمێر گفت و گۆ و ئاڵ و گۆڕی بیروڕا لە كەش و هەوایەكی دۆستانە و هاودەنگ كۆتایی پێهات و لە لایەن هەیئەتی خانەخوێ میوانەكان بەڕێ كران.
ناوهندی هاوكاری حیزبهكانی كوردستانی ئێران
٩ی خهرمانانی ١٣٩٨ی ههتاوی
٣١
ی ئاگۆستی ٢٠١٩ی زایینی