له ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١ی خه‌رمانانه‌وه، ئاگركه‌وتنه‌وه له دارستانه‌كانی “رومشگان” له باشووری ڕۆژاوای پارێزگای لۆڕستان ڕووی داوه و تا كاتی ئاماده كرانی ئه‌م هه‌واڵه هه‌روا به‌رده‌وامه.
محه‌ممه‌د محه‌ممه‌دی نژاد، فه‌رمانداری شاری “رومشگان” ڕایگه‌یاندووه ئه‌م ئاگره له‌لای “رومشگان”ه‌وه كۆنتڕۆڵ كراوه به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵكرانی بای توند پڕیشكه‌ی ئاگره‌كه به‌ره‌و “پۆل دۆخته‌ر” هه‌ڵكشاوه و به‌هۆی هه‌ڵه‌مووت بوونی ئه‌م ناوچه‌یه زۆر به دژواری ده‌توانن كۆنتڕۆڵی بكه‌ن.
به قسه‌ی ناوبراو هۆكاری ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه هه‌ڵه‌ی مرۆیی بووه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، به سه‌دان كه‌س له ژینگه‌پارێزان وێڕای كاربه‌ده‌ستانی سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان و باقی دام و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان خه‌ریكی دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگره‌ن.
ئاستی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه له پارێزگای لۆڕستان كه ساڵی ڕابردوو ٨٥٠ هێكتاری گرتبۆوه، ئه‌مساڵ گه‌یشتۆته ١٨٠٠ هێكتار. به وته‌ی محه‌ممه‌د قاسمی، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگرووپی پارێزگاری كردن له دارستانه‌كانی لۆڕستان، ساڵانه ١٢ هه‌زار هێكتار له لێڕه‌واره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌فه‌وتێن و له‌نێو ده‌چن.
قاسم سه‌بزعه‌لی، فه‌رمانده‌ی یه‌گانی پارێزگاری كردن له لێڕه‌وار و لهوهڕگهكانیش ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وتبووی ئاستی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان له ماوه‌ی ٤ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له هه‌موو بوارێكه‌وه، له چاو ساڵی ڕابردوو سه‌دی ٤٠ زیادی كردووه.
ڕێژه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ئێران له به‌هار و هاوینی ئه‌مساڵدا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه. به‌م حاڵه‌ش ڕێكخراوه ده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌لوپه‌ل و ئامێری پێویستیان بۆ كوژاندنه‌وه‌و كۆنتڕۆڵی ئاگره‌كه له‌به‌ر ده‌ستدا نییه. كه‌لوپه‌لی ڕێكخراوه‌كانی ژینگه‌پارێزی و هه‌روه‌ها لێرهوارو له‌وه‌ڕگه‌كان له ئێران زۆر كه‌مه‌و پاسه‌وانی دارستانه‌كان هێندێك جار به سه‌تڵ و تونگه‌ی ئاو هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه ده‌ده‌ن.
پانتای لێره‌واره‌كانی ئێران له نێوان ١١ تا ١٤ میلیۆن هێكتار مه‌زنده كراوه. كاربه‌ده‌ستانی ڕێكخراوی دارستانه‌كان ده‌ڵێن له ماوه‌ی یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوو زیاتر له ١٤ هه‌زار جار ئاگر له دارستانه‌كانی ئێران به‌ربووه‌و به گشتی ١٥٠ هه‌زار هێكتار له سروشتی ئێران زیانی لێ كه‌وتووه.