لەگەڵ سەفەری محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتانی ئورووپایی، ڕۆژنامەوانێک بە ناوی “ئەمیر تەوحید فازڵ” لە تیمی ڕۆژنامەوانی کۆماری ئیسلامی جیا دەبێتەوە و داوای مافی پەنابەریەتی لە وڵاتی سوئێد دەکا.
ئەمیر تەوحید فازڵ داوایکردوە کە نایهەوێ بگەڕیتەوە وڵاتی ئێران و داوای مافی پەنابەریەتی دەکا. ڕۆژنامەی “کەیهان”ی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵەکەی بڵاو کردەوە و ناوبراوی بە خائین ناو برد.
ئەوە یەکەم جار نییە کە ڕۆژنامەنووسانی نێو دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران واز لە خزمەت بە دەسەڵاتی ڕەشی ئەو ڕێژیمە دێنن و بەرەو تاراوگە کۆچ دەکەن.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە زیندانی ڕۆژنامەوانان ناسراوە و تا ئێستا سەدان ڕۆژنامەوان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون و هیچ کاتێک بەندیخانەکانی ئێران بێ ڕۆژنامەوان نەبوون و ڕۆژانە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕۆژنامەوانان بەهۆی بابەتی جۆراوجۆر و بیروڕای ئازادەوە ڕەوانەی زیندان دەکرێن یا ڕۆژنامەکانیان دادەخرێن و لە سەر کارەکانیان وەلا دەنرێن.