شەوی ٢ی خەرمانان پەیتاپەیتا ئاگر لە دارستان و جەنگەڵی بەڕووی “دووزینی” بانە بەردراوە.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان شەوی یەکشەممە ٢ی خەرمانان ٩٨ی هەتاوی سێجار ئاگر لە جەنگەڵەکانی دووزین لە بانە بەربووە کە بە هیمەتی ژینگەپارێزانی ئەنجومەنی “پاژین” دامرکاوە.
شایەتحاڵان دەڵێین ئاگرکەوتنەوە لە شەوێک سێجار، دەریدەخات کە بە ئەنقەست ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەردەرێ و هیچ لایەنیک لەو بارەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.
هەر بە پێیهەمان سەرچاوە لە کاتی دامرکاندنی ئاگر لە لایەن ژینگەدۆستانی بانەیی و ئەندامانی “پاژین”ەوە مینێکی بەجێماو لە شەڕی ئێران و عێراق تەقیوەتەوە کە بە خۆشییەوە ئەمجارە هیچ خەساری گیانی نەبووە.
ژینگەپارێزانی بانەیی لە هەبوونی ڕێژەیەکی نادیار لە مین و ئەگەری تەقینەوەیان لەو ناوچەیە نیگەرانن و خوازیاری ئەوەن کە ناوەندە پێوەندیدارەکان لەو بارەوە خەمسارد نەبن.