بە گوێرەی هەواڵێک کە لە بانەوە بە دەستمان گەیشتووە، بە داخێکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە، ڕێکەوتی ١ی خەرمانانی ٢٧١٥ی کوردی، دایە سەلمە خوسرەوی، هاوسەری خەباتکاری دێرین مام شەریف و دایکی تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک مستەفا خورشیدی لە تەمەنی ٨٢ ساڵی دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە ناو ئاپۆڕەی جەماوەری بە ئەمەگی شاری بانە دا لە گۆڕستانی سڵێمانی بەگی بانە بە خاک سپێردرا.
دایە سەلمە خوسرەی یەکێک لەو ژنە کوردپەروەر و تێکۆشەرانەی گەلەکەمان بوو، هەر بەو پێیەش لە ژیانی هاوبەشی دا لەگەڵ خالە شەیف خورشیدی، خاوەن هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە بوو. لە سەردەمی جوڵانەوەی ٤٧-٤٦، ماڵەکەیان شوێنی داڵدەدانی شۆڕشگێرانی ئەو سەردەمی حیزبی دیموکرات بوو. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە هەم خۆی و هەم هاوسەرەکەی بێنە ڕیزەکانی حیزبەوە و زۆر شێلگیرانە دەست بدەنە خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەکەیان. بە هۆی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیانەوە، ماوەیەک پەڕیوەی باشوور کوردستان بوون و لە گوندی باڕێ لە بناری سورکێو جێگیر بوون، بەڵام چەند ساڵێک پێش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە یەکەم ڕۆژی ئاشكرا بوونی خەباتی نهێنی حیزب لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دا، دایە سەلمە و خاڵە شەریف، بە بنەماڵەکەیانەوە کە بریتی بوون لە ٣ کوڕ و ٢ کچ، تەڤلی شۆڕش بوون و بە ئاشكرا هاتنە ڕیزەکانی حیزبەوە. دوو کوڕی پورە سەلمە بە ناوکانی مستەفا و عومەر خورشیدی، لە یەکەمین ڕۆژەکانی خەباتەوە، دەستیان دایە چەک و زۆر ئازایانە لە زۆربەی هەرە زۆری شەڕەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دا بەشدارییان کرد.
دایە سەلمە خوشکی تێکۆشەری ناسراوی ناوچەی بانە کاک عەبدووڵا بەگی خەسرەوبەگی نیروانە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە لە شاری بانەوە چوونە مەهاباد و تا دوا ساتەکانی ڕوخانی کۆمار لە بەرەکانی شەڕ دا مانەوە و پاشانیش لە سەرەتای سەرهەڵدانی خەباتی چەکداری دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران هاتنە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە درێژی شۆڕش دا ٢ کوڕی قارەمانیشیان بە ناوکانی شەهیدان خوسرەو و حەیدەر خوسرەوی گیانی خۆیان کردە قوربانی ڕێبازی کوردایەتی و دوو کوڕی دیکەشیان هەر ئێستا لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا لە خەبات بەردەوامن. پێویست بە ئاماژەیە کە ساڵی رابردووش کاک مستەفا خورشیدیی کوڕی پورە سەلمە، پاش چەندین ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە دا ماڵ ئاوایی لەگەل و نیشتمانەکەی کرد.