ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی خەرمانان چواردەیەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە بەشداریی شانۆکاران و هۆگرانی هونەری شانۆ لە پارکی میللەتی شاری مەریوان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
چواردەیەمین شانۆی سەرشەقامی مەریان لە ٨ بەشی جیاجیادا بەرێوە دەچیت و بە گوتەی دەبیری ئەو فستیڤاڵە نیزیک بە ٣٠٣ بەرهەم گەیشتوونە ئەو فستیڤاڵە، کە لە بەشی کۆتاییدا ١٦ بەرهەم لە خولی کێبەرکێیدا بەشداری دەکەن.
ئەو فستیڤاڵە هونەرییە بۆ ماوەی ٥ رۆژ لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی مەریوان درێژەی هەیە و هەمووساڵێک لە لایەن خەڵکی مەریوانەوە پێشوازی بەربڵاوی لێدەکرێ.
شایانی باسە فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لەسەر گەشەی هۆنەری شانۆ و شانۆنوویسی کوردی کاریگەریی ئەرینی هەبووەو لە ئاستی ئێران و جیهانیش ، وەکوو ڕووداوێکی هونەری و کێبەرکێیەکی فەرهەنگی ناسراوە.
ئەمساڵ زیاتر لە ٩٥ بەرهەم و ١٠ گرووپی شانۆی وڵاتانی بیانی لەو فستیڤاڵەدا بەشدارییان کردووە.
هەروەها چەند گرووپ لە شانۆکارانی شاری هەولێر و دەربەندیخان لە هەرێمی کوردستان بەشدارن لەو فستیڤاڵەو بڕیار چەند کەس لە شارەزایانی بواری شانۆ خەڵکی وڵاتانی هولەند و مێکزیک لە تەنیشت چواردەیەمین فستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، خولی فێرکاری بۆ فێرخوازانی شانۆ بەڕێوەببەن.