شەوی ڕابردوو ١ی خەرمانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی هێرش کردن بۆ سەر دوو کەسی ئایینی و نیزیک بە خامنەیی ڕێبەری باڵای نیزام بڵاوکرایەوە.
ماڵپەڕەکانی سەر بە مەحموود ئەحمەدینژاد بڵاویان کردەوە کە شەوی هەینی هیرش کراوەتە سەر عەلیڕەزا پەناهیان یەکێک لە دەمڕاستەکانی خامنەیی و عەبدولحوسێن موعەززی نوێنەری خامنەیی لە ڕێکخراوی مانگی سووری ئێراندا.
هاوکات ماڵپەڕی “خەبەر ئانلاین” بە باسکردن لەو دەنگۆیە و بە پشتبەستن بە قسە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو ئاخوندە ، هەواڵی هێرش کردن بۆ سەر ئەو دوو کەسەی ڕەتکردوتەوە.
هێندێک سەرچاوەی نافەرمیش باس لەوە دەکەن کە شەوی ڕابردوو هیڕشکراوەتە سەر دوو کەس لە کەسانی نیزیکی خامنەیی و سەرەڕای بریندار بوونیان، تیرۆرەکە ناسەرکەوتوو بووە.
چەند ماڵپەڕی دیکەش شەوی ١ی خەرمانان ڕایانگەیاند کە عەلیڕەزا پەناهیان لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی ماتەمینی فەتحینژاد یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران هێرش کراوەتە سەری و بەڵام بە هۆی هەبوونی تیمی ئیسکۆڕت، ئەو تیرۆرە ناسەرکەوتوو بووە.
عەلیڕەزا پەناهیان لە کەسانی نیزیک بە ڕێبەری باڵا ڕێژیم بە قسە توندەکانی لە وتارەکانیدا ناسراوە.
ناوبراو لە وتاربێژانی کۆڕە مەزهەبییەکان و دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامییە.
دەنگۆی هێرش کردن بۆ سەر ئەو دوو ئاخوندە لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئێران لە دەسپێکی ساڵی ٩٨ی هەتاوی، چەند هەواڵیان لە پێوەندی لەگەڵ تیرۆر و هێرش بۆسەر وتاربێژانی ڕۆژی هەینی لە شارەکانی ئێران بڵاو کردوتەوە.