بەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نیزامی لەلایەن ئەمریکاوە لە ئاوەکانی بەشی خوارووی ئێران بۆ پاراستنی کەشتی و بارهەڵگرە نەوتكێشەکان لە مەترسیی هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، چەندین وڵات بە داواکاریی ئەمریکا ئامادەبوون کە پەیوەست بن بە ڕیزی ئەو هاوپەیمانییەتییەوە کە چەند وڵاتێک وەکوو بریتانیا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و عەرەبستانی سعوودی ڕایانگەیاندووە کە هەموو کات لە هەموو ساتێکدا ئامادەن هێزەکانیان بنێرنە ئاوەکانی گەرووی هۆرموز و کەنداو.
تاکوو کۆماری ئیسلامی نەتوانێ دەست بەسەر کەشتییەکانیاندا بگرێ و ڕایانگرێ. هەر لەو پێوەندییەدا وڵاتی بەحرەین وەکوو وڵاتێکی بەشداربووی ئەو هاوپەیمانییە، ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە کە بە هەموو هێزێکی دەریایی و ئاسمانییەوە ئامادەی هێرش و بەرگرییە لە کەشتیدزانی کۆماری ئیسلامی.
ئەو بڕیارەی بەحرەین ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ ڕاگەیێندراوە کە لە ئاکامی دیداری ” کنت منکزی” فەرماندەی کەشتیی ئابراهام لینکوڵن و “محەممەد بن عیسا ئال خەڵیفە” پادشای ئەو وڵاتە بووە.
بە گشتی مەبەستی ئەمریکا لە پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییەتییە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێ بە ئاسانی دەست بەسەر کەشتییە بارهەڵگر و نەوتکێشەکانی ئەو چەند وڵاتەدا بگرێ و، ئەگەر زەمانێکیش شتێک وەکوو شەڕ ڕوویدا ئەمریکا بە تەنیا بۆ خۆی لەوێ نەبێت و هێزەکانی ئەمریکا کەمترین خەسارەت ببینن.