به‌هۆی هێرشی هه‌وایی ئه‌رته‌شی سووریه بۆسه‌ر باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری ده‌مێشق زیاتر له ٥٠ هاووڵاتیی بێ‌دیفاع كه له ژێر دار‌و پهردووهكاندا مابوونه‌وه، گیانیان له ده‌ستدا. به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی شه‌ممه 31ی گه‌لاوێژ (22ی ئووت) ئه‌رته‌شی سووریه له ١٥ كیلۆمیتریی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری ده‌مێشق، هێرشی كردۆته سه‌ر گه‌ڕه‌كێك له شاری دوما، كه به هۆی ئه‌م په‌لاماره‌وه خانووبه‌ره‌یه‌كی زۆر كاول بووه و بنه‌ماڵه‌كانیش له ژێر دار‌و پهردووهكاندا عاسێ بوون. گرووپێک که بۆ ڕزگاركردن چووبوون ڕایانگه‌یاندووه كه تا ئێستا ته‌رمی زیاتر له ٥٠ كه‌سیان له ژێر ئه‌م خانووه كاولانه ده‌ركێشاوه و به ده‌یان برینداریشیان گه‌یاندۆته نه‌خۆشخانه‌كان كه ده‌وترێ بارودۆخی ئه‌م بریندارانه‌ش ناجێگیره. دوما یه‌كێك له‌م ناوچانه‌یه كه له لایه‌ن گرووپه‌كانی دژبه‌ری ئه‌سه‌ده‌وه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێ. به‌م جۆره كه له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه، حه‌وتووی ڕابردووش ئه‌رته‌شی سووریه هه‌ر ئه‌م ناوچه‌ی بۆردوومان كردبوو ، له‌م هێرشه‌شدا لانی كه‌م ١٠٠ كه‌س كوژران. چاوه‌دێرانی مافه‌كانی مرۆڤ له سووریه ده‌ڵێن له‌م ناوچه‌یه زیاتر له ٢٥٠ هه‌زار هاووڵاتیی بێ‌دیفاع ده‌ژین كه پاش هێرشی هه‌وایی ڕۆژی ڕابردوو، چه‌ندین جار له ڕێگه‌ی وشكانییه‌وه ته‌قه له ئه‌رته‌شی سووریه كراوه. به‌ڵام ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته حاشا له بۆردوومان كردنی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی ده‌كا و ده‌ڵێ ته‌نیا په‌لاماری حه‌شارگه‌ی دژبه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌دی داوه.