به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سامانه سروشتییه‌كانی ئیلام گوتی دیارده‌ی وشكبوونی لێره‌واره به‌ڕووه‌كانی ئه‌م پارێزگایه مه‌ترسیی وشكبوونیان له سه‌ره و پاشان به سانایش وه‌ك خۆی لێ نایه‌ته‌وه. ڕهزار ئه‌حمه‌دی له لێدوانێكدا بۆ هه‌واڵده‌ریی ئیسنا، ڕایگه‌یاند: به‌رده‌وام بوونی دیارده‌ی وشكه‌ساڵی هه‌روا مه‌ترسییه‌كه بۆسه‌ر لێڕه‌واره‌كانی ئه‌م پارێزگایه و به سه‌رنجدان به‌م مه‌سه‌له كه گه‌شه كردن و پێگه‌یشتنی داربه‌ڕوو پێویستی به كاتی زۆر هه‌یه و ئه‌م دارانه به‌م زووانه جێگه‌ی خۆیان ناگرنه‌وه، هه‌ربۆیه ده‌بێ بڵێین زیانێكی قه‌ره‌بوو نه‌كراو به‌ر جه‌سته‌ی زاگرۆس كه‌وتووه. ناوبراو وێڕای هێنانه به‌رباسی ئه‌م مه‌سه‌له‌ش كه به داخه‌وه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا پارێزگای ئیلام له بواری وشك بوونی لێڕه‌واره‌كان له پله‌ی یه‌كه‌می پارێزگاكانی ئێران‌دا جێی گرتووه، گوتی: پارێزگای ئیلام خاوه‌نی زیاتر له ٦٤٠ هه‌زار هێكتار دارستانه كه زۆربه‌یان له دار به‌ڕوو پێك هاتوون. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌رچاوه سرووشتییه‌كانی ئیلام له درێژه‌دا گوتی: له‌نێو چوونی لێڕه‌وار و له‌وه‌ڕگه‌كان، ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌كاته بیابانێكی ڕه‌ق و ڕووت و سرووشتی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌حمه‌دی وێڕای ئاماژه‌ی به‌وه‌ی كه ڕێژه‌ی باران بارین له پارێزگای ئیلام به ئاستێكی یه‌كجار زۆر له كه‌می داوه، به جۆرێك كه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له ٩٠٠ میلی میتره‌وه بۆ ٣٣٠ میلی میتر دابه‌زیوه، پشتڕاستی كرده‌وه: ئه‌م ئاڵوگۆڕه هه‌رێمییانه و به تایبه‌ت كه‌مبوونی ڕێژه‌ی باران بارین كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر سرووشت و ژینگه‌ی پارێزگای ئیلام داناوه.