سەرەڕای ئەوەی کە پارێزگای ورمێ، دووهەم پارێزگای دەوڵەمەند بە سەرچاوە ئاوییەکان لە ئێرانە، ٣٠٠ گوندی ئەو پارێزگایە لەگەڵ قەیرانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون. بە گوتەی هادی بەهادوری، نوێنەرانی کۆمیتەی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ، ویشکبوونی ئەو گۆلە، هەر لە ئێستاوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەشتەکانی هەڵکەوتوو لە باشوور و باکووری گۆلی ورمێ کردووە و بۆتە هۆی دابەزینی زیادە لە ئاستی پێشبینیکراوی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەمنییەکان. ههروهها بەهاودری دەڵێ زۆربهی کانیاو و بیرەکانی دابینکەری ئاوی خواردنەوە لەم دواییانەدا ویشک بوونە و هەر ئێستا ٣٠٠ گوند بە تانکێر ئاوی خواردنەوەیان پێدەگا. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٤٠ هەزار بیری ناقانوونی لە نزیک گۆلی ورمێ هەڵقەندراون و هاوکات لەگەڵ ویشکەساڵی، ئەم بیرانە، ڕۆڵی سەرەکییان لە ویشکبوونی گۆلی ورمێ و بەتایبەت ویشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لەم پارێزگایە هەبووە. کۆمیتەی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ، پلانێکی بۆ لێکگرێدانی ڕووبارەکانی جەغەتوو و تەتەهوو ئامادەکردووە و دەیهەوێ بە لێدانی کاناڵێک بە پانایی ٤٥ میتر و درێژایی ١٣.٦ کیلۆمیتر ئاوی دوو ڕووبارەکە تێکەڵ بکا و بیگەیەنێتە گۆلی ورمێ. هیندێک لە کارناسان ئهم پڕۆژەیە بە بێسوود دهزانن و دەڵێن کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ نابێ کە هەر ئێستا نزیک بە سەدا ٨٠ی بە تەواوی ویشک بووه.