ڕادەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەەرەکان لە کۆمەڵگەی ئیران زۆر زیاتر بووە و ساڵانە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ٣ هەزار کەس گیانیان لە دەست دەدەن.
لە درێژەی دۆخی خراپی کۆمەڵگەی ئێران و بێکاری و پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو بنەماڵە و بەتایبەت گەنجان و چینی تازەپێگەیشتووی ئێران، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەچاو ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بووەتەوە و دەیان جۆر کارەساتی لێ کەوتووەتەوە و ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە سالانە ٣ هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کە زۆربەیان خوێندکار و گەنجن گیانیان لە دەست دەدەن.
هەرلەو بارەوە بەرپرسی گشتیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران ڕایگەیاندووە کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، لە چاو ساڵی ڕابردوو، سەتا ٥زیادی کردووە و ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٦ هەزار و ٥٠٠ تۆن بووە لە جیهان، کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین ئاماری ڕادەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری هەبووە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە درێژەی چل ساڵ دەسەڵاتداریی ناڕەوا و نامرۆڤانەیدا هیچکات هەوڵی بۆ چارەسەریی دۆخی نالەباری خووگری نەداوە و تەنانەت لە کڕین و فرۆشتنیشی ڕێگرییەکی بەرچاو ناکات.