چهند رۆژ پیش ئێستا له دوو کردهوهی تیرۆریستی دا بۆ سهر دوو لایهنی کۆمهڵه، بۆ جارێکی دیکه باس و خواس له سهر سیاسهتی تیرۆر و تۆقاندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سهر هێزه سیاسهییهکانی کوردستان و کهسایهتییه سیاسهییهکان هاته ئاراوه.
ئەو دوو رووداوە ناخۆشە کە هەردووکیان هەم لەباری زەمانی و هەم لەباری مەکانی لەیەک نزیکبوون، بەدوو مەبەست ئەنجام دراون.
یەکەم: تێڕۆر لەنێوبردنی موخالیفان و ئۆپۆزیسیۆن. ئەو کردەوە دژی مرۆڤانەیە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی رێژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران دا، لە بیری بەڕێوەبەرانی دەسەڵات دار بەگشتی و بەرپرسانی نیزامی- ئەمنییەتی بەتایبەتی، بووە.
بەداخەوە ئەو کردوە و کوشتاری بەکۆمەڵ و وێرانی، چ لە هێرشەکان بە دژی نەتەوە نافارەسەکان و ئازادیخوازانی فارس بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی پتر بەڕێوەچوون. تێڕۆڕی تێکۆشەرانی رێی ئازادی و مافی نەتەوایەتی لە دەرەوەی وڵات، بۆ وێنە: دکتور شاپووری بەختیار و هاوڕێیەکەی، دکتور کازم رەجەوی، دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، دکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی، کاک سەدیق کەمانگەر، کاک سەعید یەزادنپەنا- و چەندین تێکۆشەری دیکە. لەنێوخۆی ئێرانیش: دکتور کازم سامی، داریووش و پەروانەی فروهەر، سەعیدی سیرجانی و قەتڵەکانی دیکەی زنجیرەیی، کوشتاری زیندانییە سیاسییەکان بە تاک و بە کۆ بە تایبەتیی “فاجیعەی میللی” هاوین و پاییزی ١٣٦٧ (١٩٨٨)-، کۆمەڵە کردەوەییەکی تێڕۆریستی و مرۆڤ کوژی، ئەو رێژیمە نگریسەن؛ کە هەر درێژەی هەیە.
بەشێکی بەرچاوی تەحلیل گەرانی رووداوەکانی نێوخۆیی ئێران، پێیان وایە کە: دەسەڵاتدارانی شکست خواردوی رێژیم لەبەرانبەر زلهێزەکانی جیهانی لە ململانێی کەیسی ئەتۆمی دا، گوشاری پتر بۆ تێکۆشەرانی دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی دینی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دێنن. ئەوان پێیان وایە لە ژێر پێنانی مافی مرۆڤ و تێڕۆڕیزم- کە گەمارۆیی تایبەتیان لەسەرە- پێویستە بەدژی سەرەڕۆیانی مەزهەبی بەکار ببرێ. پێویستە دادگاکانی نێونەتەوەیی، چاوەدێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، کۆڕوکۆمەڵە ئینسان دۆست و دژە تێڕۆڕەکان، ئەو دوو کردوە تێڕۆڕیستییانە بەهێند بگرن. لە قاوی بدەن و گوشار لەسەر رێژێمی ئێران لەوبارەیەوە زیاتر بکەن؛ و بەربەستی جیدی بۆ دابنێن.
دوویەم: ئەگەر تێڕۆر و تەقاندنەوە و کردەوە نائینسانییەکانی ئەم دوایانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی سەری گرتبا، ناکۆکیی بیروبۆچوون و لەتبوون و دابەشبوونی نێوان حیزب و رێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنیان، وەک بیانوو، بۆ دڕدۆنگی و دووبەرەکی نانەوە بەکار دەبرد، کە پێشتریش هەر وایان دەکرد. بۆ ئەوەی هەم خۆیان لە ئاکارە دژی مرۆڤانەیەکە بدزنەوە و هەم کێشەی نێوان دابران و لەتبوونەوکان پتر بکەن. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری و کوردەکان و خەڵکانی خۆشی نەدیو لە ئێران زۆر لەوە پوختەتر و وشیارترن، بڕوا بەو جۆرە پیلانانە بکەن.
بەڵام پێویستە ئەو زەنگە مەترسی دارەی هەوڵی تێڕۆڕ و تەقاندنەوە لە دوو بەشی کۆمەڵە دا، لەنێو هەموو حیزب و رێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی و لەنێو خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، گرینگی زۆری پێ بدرێ. باشترین وڵام بۆ کەم کردنەوەی مەترسییەکان و کردەوەی بەجێ، وێڕای هەڵسەنگاندنی هەمە لایەنەی رووداوەکان و هەستیاری پتر لە پێشوو، یەکرێزی و یەکگرتوویی لە بەرەیەکی هاوبەش دا، یا کۆدەنگی و کاری گرووپی پێکەوە ئەنجام دانە.