لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری کوردستان!
ئەمساڵ لەکاتێکدا رۆژی جیهانی لاوان بەرز رادەگرین کە گۆڕانکارییەکانی ناوچە بەشێوەیەکن کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی قەیرانێکی ئابووری گەورە بووە، قەیرانەکە بەرادەیەک بەربڵاوە کە دەیان قەیرانی کۆمەلایەتی لێکەوتووەتەوەو کاریگەری لەسەر دەروونی لاوانی ئێران و کوردستان داناوە. زیاتر لە ٣٠٪-ی لاوانی خوێندەواری کوردستان هیچ کارێکیان نییە و زیاتر لە نیوەی لاوانی دیکەی کوردستان بە گشتی بێکارن، قەیرانی ئابووری وایکردووە کە لاوان تاکە ئاواتیان هەبوونی لانیکەمی داهات بێت، بەشێکی زۆر لە لاوان لە نائومێدیدا بەرەو هەندەران رۆیشتوون و لە کەمپەکانی یونان و دوورگە و داڵانەکانی تورکیادا بەدوای چارەنووسێکی نادیاردا دەگەڕێن، ئەو لاوانەش کە لە ئێران ماونەتەوە بەشێکیان گیرۆدەی مادەی هۆشبەر بوونە و ژمارەیەکیان پەنا بۆ خۆکۆژی دەبەن و لەخۆشبیانەترین حاڵەتدا لە کونجی ماڵەکانیاندا کەوتوون و لەباشبوونی گوزەرانیان هیوا بڕاو بوون.
لەو دۆخە کارەساتبارەدا کۆماری ئیسلامی ئێران، داهاتووی لاوان و وڵات بەگشتی کردۆتە قوربانی پەرەپێدانی توانای موشەکی و هاندانی گروپە تیرۆریستیەکانی ناوچە، چەندین ملیارد دۆلاری لە موشەک و جبەخانەکانی خەرج کردووە و سەدان ملیۆن دۆلاری بە گروپە چەکدارەکانی ناوچە داوە بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خاوی خۆی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ بکاتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە لەو ئەسڵە سەرەکییە نەگەیشتووە کە رەمزی مانەوەی هەر دەسەڵاتێک ئەوەیە کە خەڵکەکەی و بەتایبەت لاوانی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەرانیان هەبێت و شانازی بە وڵاتەکەیان بکەن، ئەوە لەکاتێکدایە کە زۆرینەی رەهای لاوانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەو دەسەڵاتی داپلۆسێنەرو دیکتاتۆرە بێزارن.
ئەگەرچی بەپێی ئامارە فەرمییەکان لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەرووی ئابووری و دەرفەتی کار بەراورد بە بەشەکانی دیکەی ئێران لەدۆخێکی زۆر خراپتردان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی ئێران لاوانی کوردستان چەکی بەهێزو کاریگەری هیوا و ئۆمێدیان هەر پێ ماوە و، ئەوەش وایکردووە کە هەموو ئاکارێکیان ئاکارێکی شۆرشگێرانە بێت. لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندوویانە کە تەسلیمی چارەنووسێک نابن کە دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بینووسێتەوە، هەربۆیە ئەوان بزوێنەری سەرەکی خەباتی مەدەنی و ژینگەپارێزی و ئەدەبی و رۆشەنبیری لە کوردستانن و خاوەندارییەتی لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکەن و رۆژانە لە ئاکارە شۆرشگێرانەکانیان ناوەستن، رێز لە بیرمەند و زانا ناسیۆنالیستەکانیان دەگرن، لە فێرکردنی زمانی کوردی بە نەوەی نوێ بەردەوامن و ژینگەی کوردستان بە دارستان و ئاژەلەکانیانەوە دەپارێزن وزۆربەی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کچ و کوڕەوە خوێندنی باڵایان تەواو کردووەو خوێندن وەکوو بەشێک لە ژیانی رۆژانەی لێهاتووە، ئەو شێوازە نوێ و کاریگەرە لە خەباتی رزگاری نەتەوەیی لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە رێگەی وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و سیخوڕ و دارودەستەکانی گوشار بۆ لاوان دەهێنن، تەنانەت تەحەموولی ماموستایەکی زمانی کوردی وەکوو زارا محەمەدی ناکەن و ئەوە نزیکەی سێ مانگە لە بەندیخانەدا رایانگرتووە، ئەو رژێمە لەوە تێنەگەیشتووە کە بۆ لاوانی کوردستان، زیندان بەرگرییەکی پیرۆزی دیکە و بەشێکە لەو خەباتەی کە سەدەیەکە دەستی پێکردووەو هەتا دوا مەنزڵگەش بەردەوام دەبێ.
لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان! لەوەها دۆخێکی سیاسی و جڤاکیدا ئێوە دەبێ ئەو روحیەتە سیاسی و وڵاتپارێزیەی خۆتان بپارێزن و بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیتان هەبێ و لەژێر گوشارەکاندا نیشتمانی خۆتان بەجێ نەهێڵن. دڵنیابن کورد وتەنی سەگی هار تەمەنی کورتە و ئەو سەرەرۆییەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەمرۆ نا سبەی سەری دەخوات و ئاسۆی رزگاری هەڵدێت و لاوانی کوردستانیش پاداشتی شۆڕشە فرە رەهەندەکەیان وەردەگرنەوە.
بژی کورد، بژی کوردستان
سەرکەوێ خەباتی رەوای نەتەوەکەمان بە پێشەنگایەتی لاوان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
12/08/2019