بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی پیرانشارەوە بە دەستمان گەیشتووە کاک سەید ئەحمەد کەسرەوی ئەندامی دێرینی حیزب دێموکرات و نیشتمانپەروەری بەوەفا، پاش تەمەنێک ژیان بە سەرفەرازی و تێکۆشان بۆ سەرخستنی گەلەکەی رۆژی ١٥ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کردووە.
کاک سەید ئەحمەد کەسرەوی ناسراو بە سەید ئەحمەدی نەمنجێ
کەسێکی نیشتمانپەروەر و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات بووە کە لە قوناخی شۆڕشگێرانەی ٤٦ و ٤٧ی حیزبی دێموکرات لە گەڵ فیداکارانی ئەو شۆرشە، بە شێوەی نهێنی پێوندی هەبووە.
ناوبراو پاش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و هەڵایسانی شەڕ لە کوردستان وەکوو تێکۆشەرێکی هەڵسووڕ لە بواری تەشکیلاتی و ڕێکخستندا، دەوری خۆی هەبووەو هەروەها بە پێی پێگەی کۆمەڵاتییەکەی توانی متمانەی خەڵکی ناوچەکە وەدەست بهێنێ.
لە سەردەمی ڕۆژانی سەختی خەباتی چەکداری ماڵی کاک سەید ئەحمەدی لە ئاوایی نەمنجێ شوێنی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات بووە.
راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ریزگرتن لە سەرجەم ئەندامانی دڵسۆزی حیزب، پرسە وسەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی کاک سەید ئەحمەد دەکا و هیوای لەشساغییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.