لە یەکەمین ساڵیادی کۆچیدوایی تێکۆشەری دێموکراتدۆست خدرئاغای مێشەدێ رۆژی چوارشەممە ١٦ گەلاوێژ بەشێک لە خەڵکی ئەمەگناسی ناوچەی مەنگۆرایەتیی پیرانشار لە سەر گڵکۆی ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە کۆبوونەوەو یادو ناوی خدرئاغای شۆڕشگێڕیان بەرز ڕاگرت.
وەفا نواندنی خەڵکی ناوچەی پیرانشار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو تێکۆشەرە بەدرێژایی تەمەنی کوردانەژیا و بۆ کود هەوڵی دا.
کاک خدری سالار عەشایری ناسراو بە خدرئاغای میشەدێ لە ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی لە گوندی میشەدێ لە دایکبووە و لە کاتی دامەزرانی “کۆمەڵەی ژێکاف” دەبێتە ئەندامی ئەو رێکخراوەیەو خەباتی خۆی بۆ سەرخستنی نەتەوەکەی دەسپێدەکا.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٤٦-١٣٤٧ بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبی دیموکڕاتی کوردستان بۆ ماوەی نیزیک بە ساڵێک لە زیندانی جەڵدیان، تۆپخانەی ورمی، زیندانی قەسری تاران لە بەندیخانەکەکانی رێژیمی پادشایەتیدا بووە.
کاک خدر لە ماوەی ١١مانگ لە زیندانەکانی ساواک لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا خۆڕاگرانە ملی بە ویستی ساواک نەدا و، پاش ئازادبوونیش نەک لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی ڕانەوەستا ، بەڵکوو بەورەتر و قایمتر لە جاران تێکوشانی خۆی دەست پێ کردەوە. بە گوتەی ناسیاوانی ماڵی کاک خدرئاغا ببوو بە مەکۆی حەسانەوەی شۆڕەسوارانی ٤٦و ٤٧؛ بە پاڵپشتی کەسانێک وەکوو خدر ئاغا حیماسە شکاندنی سامناکی ڕێژیمی پاشایەتی خوڵقا.
لە قوناغیكی دیکە لە ژیان و خەباتی خدر ئاغا واتە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی وەکوو ئەندامێکی لێهاتووی حیزبی دێموکرات بوو بە کەسی متمانە پێکراوی شەهید دوکتور قاسملوو و، توانی ببیتە هاندرێک بێ بۆ پەیوەستبوونی بەشیک لە خزم و کەسوکاری کە بێنه ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە و، لە پێناوی ئازادیشدا ٩ شەهیدیان پێشکەش بە کوردستان کردووە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک “خدر ئاغا”ی مێشەدێ، ئەندامی دێرین و تێکۆشەری ماندوویینەناسی حیزبی دێموکرات پاش تەمەنێک ژیان بەڕووسووری ماڵاوایی لە ژیان کرد.