ئەدەبی بەرگریی کۆی ئاوات و خولیا و ویست و داخوازی نەتەوەیەکە کە باس لە ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکا. ئەو ئەدەبە هەندێک جار تووڕە و بێڕەزایە، هەندێک جاریش تڕاژیدییەکی قووڵە و جار جاریش وەک هەوری پاییزی دەگرمێنێ و ترس و سام دەخاتە دڵی نەیارانییەوە. ئێمە بە درێژایی مێژوو ئاگاداری بەرخۆدانی نەتەوە ژێردەستەکانی هەموو جیهانین بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەکەیان، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە ئەدەبی بەرگریی مەجارستان لە سەردەمی داگیرکەرەکانی ئۆتریش، ئەدەبی بەرگریی یۆنانییەکان لە سەردەمی کۆیلەداریدا، ئەدەبی بەرگریی فەڕانسە لە سەردەمی شەڕیی جیهانی دووهەم لە بەرابەر نازییەکانی ئاڵمان، ئەدەبی بەرگریی ئیتالییا لە سەردەمی ڕێنێسانسدا، ئیسکاتلەندییەکان و ئیرلەندییەکان لە پاش ڕێنێسانس، ڕووسەکان لە سەر و بەندی شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧، لە ئێستاش دا دەتوانین ئاماژە بە کوردستان و فەلەستینییەکان بکەین کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەدەبی بەرگریی بە تایبەتی لە بواری شێعر، بەردەوام بە گژ داگیرکەرەکان دادێنەوە و رەنگە زۆر لە هێزە چەکدارەکانییان کاریگەرتر بووبێتن. لە وەها قۆناغێک کە وڵاتێک تێیدا بە سەر دەبا، ئەدەبی بەرگریی بەدی دێت و کاریگەرترین زەفەر بە نەیاران و داگیرکەران دەبا.
بە داخەوە مێژووی سیاسی شۆڕشەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و داخوازیی مافی ڕەوای کورد لە وڵاتانی داگیرکەر هەموو دەم بە زمانی ئاشتی و برایەتی و دیالۆگ ڕەوانەی لایەنەکان کراوە، بەڵام لە درێژەی مێژوو دا وەڵامی ئەو داخوازییانە بە فیشەک و شەڕ دراوەتەوە، جێی ئاماژەیە کە خەباتی شۆڕشگێریی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی خەباتی چەکداریی و سیاسی بەرتەسک نەبۆتەوە و هونەر بە هەموو بەشەکانی بە تایبەت ئەدەبیات و لە هەموان گرینگتر شێعر بە واتای شێعری بەرگری دەورێکی کارا و بەکەڵکی لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان گێڕاوە و هەموو کات لە جەرگەی خەبات دا ئەدەب و شێعری بەرگری بەشێک لەو خەباتەی وەئەستۆ گرتووە.
.کورد هەتاکوو ئێستا لە حەولی رزگار کردنی خۆی و نەتەوەکەی دابووە و ئەدەبی بەرگریش بەردەوام کاراترین دەوری گێراوە. لەو چەند دێرەی سەرەوە دەگەینە ئەو ئاکامە کە ئەدەبی بەرگریی رووبەرێکی پان و بەرینی لە ناو ئەدەبیاتی کوردی بۆ خۆی مسۆگر کردووە، زۆرینەی شێعرەکانی ناو ئەو بەستێنە سیمایەکی شۆڕشگێڕیی و یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوەیە بە دژیی داگیرکەران، لە ئاکامیشدا پەیامی ئاشتی و ئازادی بە گوێی مرۆڤایەتی دا دەچرپێنێ.
.شێعری بەرگری لە مێژووی ئەدەبی رۆژهەڵاتی کوردستان دا تا رادەیەکی بەرچاو دەوری کارای بووە و قورساییەکی تایبەت بە خۆی بووە، بەڵام بە داخەوە ئەدەبیات و هونەر بە گشتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا نەبۆتە بایەخ و تا ئێستا چ لە لایەن پارتە سیاسییەکان و چ لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا وەکوو بنەمایەکی هزری و کلتووری بە شێوەیەکی زانستی دانی پێدانەهێندراوە. لە راستیدا ئەگەر هونەر بە گشتی لە وڵاتێک دا بایەخی نەبوو و بە شێوەیەکی جیددی لەنگەری لە سەر نەگیرا ئەو نەتەوەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو تووشی شکست و بێشۆناسی دەبێ. واتە ئەگەر ئاوڕێک لە شۆڕشە گەورەکانی وڵاتانی جیهان بدەینەوە دەگەینە ئەو ڕاستییە کە هونەر بەشێکی گەورە و بەرچاوی ئەو شۆڕشەی لە سەر شان بووە، بە تایبەت ئەدەبیات و شێوازی بەرگرییەکەی.
ئەدەبی بەرگری هیچ کات لە قۆناغ و دەورانێکی تایبەت بەرتەسک نابێتەوە، واتە ئەدەبی بەرگری لە نەتەوەیەکی بندەست بە هەموو شێوازێک و دۆخێکی سیاسی و مەدەنی دا دەتوانێ بەردەوام بوونی هەبێ و بەڕۆژ بێتەوە. ئەدەبی بەرگری لە ناو هەموو سەردەمێک و قۆناغێکی سیاسی دەتوانێ بوونی هەبێت.
لە ژماره ٦٦٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه