لە شاری جوانڕۆ بەمەبەستی وشیاری بەخشین بەخەڵک و خاوێنکردنەوەی ژینگەی وڵات، کەمپەینێک لە ژێرناوی “کاغەز زبڵ نییە” پێکهات.
بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەو کەمپەینە لە هەوڵدان کە ڕایگشتی و بەتایبەتی خەڵکی شاری جوانڕۆ ئاگادار بکەنەوە کە “کاغەز زبڵ نییە” و، بەڵکوو بە جیاکردنەوەی پاشماوەی کاغەزەکان لە زبڵ و زاڵەکان، دەتوانن خزمەتێکی شیاو بکەن بە ژینگەو هەروەها پێش لە زیانی زیاتر بە دارستانەکان بگرن. چونکە لێکۆڵینەوە زانستییەکان لەو بوارەدا دەریخستووە کە
ئەگەر پاشماوەی كاغەز و كاغەزە كۆنەكان لە شارەکانی کوردستان کە رۆژانە وەکوو شتێکی زیادی لە زبڵ وزاڵ دەخرێن، كۆبكرێنەوەو سەرلەنوێ وەکار بخرێنەوە، رۆژانە پێش لە بڕینەوەی زیاتر لە ١٧ دار، بەفیرۆدانی١٥٠٠ لیتر نەوت و ٤ ھەزار كیلۆوات وزەو ٢٨ ھەزار لیتر ئاو دەگیردرێ.
هەر بۆیە ژینگەپارێزانی شاری جوانڕۆ بە لە پێش چاوگرتنی ئەو چەند خاڵە گرینگە کەمپەینێکیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی “کاغەز ” پێکهێناوەو بە پێی هەواڵەکان لە لایەن خەڵکی ئەوشارەش پێشوازی زۆری لێکراوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە دووساڵ لەمەبەریش ئەندامانی ڕێکخراوی ” جەماوەری شەیای سەوزی لەیلاخ” لە شار و شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیە هەڵمەتێکی هاوشێوەیان بەڕێوەبرد.