لە رێوڕەسمی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا
میوانانی خۆشەویست، خوشك و برایانی ئازیز!
پر بە دڵ بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ ڕێوڕەسمی یادی حەفتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان. هەروەها پیرۆزبایی دەكەم لە سەرجەم ئەندامان و پێشمەرگەكان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموكرات، پیرۆزباییەكی زۆر تایبەتی لە كۆمەڵانی خەڵك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە بە درێژایی تەمەنی حەفتا ساڵەی حیزبی دێموكرات لە هەموو بوارەكانی ژیانیدا پشت و پەنای حیزبی دێموكرات بوون.
….جێگەی خۆیەتی هەموو لایەكمان ڕێز و پێزانینی خۆمان بۆ دامەزرێنەری حیزبی دێموكرات، ڕەئیس جەمهوری كوردستان، پێشەوای حیزبی دێموكرات، قازی محەممەد بنێرین. هەروەها لە هەمان كاتدا ئەمەگناسیی و پێزانینی خۆمان، بۆ تەواوی ئەو تێكۆشەرانەی كە لە ماوەی حەفتا ساڵدا، بەشداری ژیانی سیاسی حیزبی دێموكرات بوون، كاتی خۆی بە دامەزراندنی حیزبی دێموكرات وكۆماری كوردستان، و جوولانەوەی نەتەوایەتی كوردیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە لوتكە گەیاند.
….فەلسەفە و دامەزرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان، لە ڕۆژی یەكەمەوە دوای ماوەیەكی كورت، بە دامەزرانی كۆماری كوردستان دەریخست كە حیزبی دێموكرات بۆ ئیدارەی وڵات دروست بووە، حیزبی دێموكرات بۆیە دروست بووە لە پرۆسەی قانوونی ژیانی مەدەنی و بەهێزكردنی ئەركە نەتەوەییەكانی خۆی لەنێو كۆمەڵگەی كوردستان، بە قانوونكردنی ماف، چارەسەری قانوونی كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەو مەجال و دەرفەتەی بۆی هەڵكەوتووە قەزیەی كورد لە ئێراندا بخاتە پرۆسەیەكی ڕێكوپێكی قانوونی ومەدەنی و، فەلسەفەی وجوودی حیزبی دێموكرات هەر بۆ ئەوە بووە.
پەیامی سیاسی حیزبی دیموکرات
حیزبی دێموكرات لە ماوەی حەفتا ساڵ ژیانیدا، هەوراز و نیشێوی زۆر بینیوە، بێگومان ئیفتخاراتی مێژووییشی زۆر بووە، دەسكەوتیشی بووە و لە هەمان كاتدا، لەبەر ئەوەی جەماوەرێكی زۆر لە حیزبی دێموكراتدا بوون، ئینتزاراتێكی زۆریشی لە خۆی دروست كردووە. هەر ئەوە بووە كاتێك كۆمار دەڕووخێ، دیسان ڕیبەرانی حیزبی دێموكرات و كادرو ئەندامانی حیزبی دێموكرات، تێدەكۆشن شوێنەواری كۆمار و ئەرزشەكانی كۆمار لە مەیدانی جۆراوجۆری خەباتدا بەرز ڕابگرن. بە دیفاع لە بنەما نەتەوایەتییەکانی خۆیان و بنەماكانی حیزبی دێموكرات و كۆمار هەوڵیان دا ژیانی سیاسیی ئەو حیزبە ئیدامە بدەن. خەبات و تێكۆشانی حیزبی دێموكرات، لە دژی دوو حكوومەت، یەكەم حكوومەتی پەهلەوی كە كۆماری كوردستانی ڕووخاند و ڕێبەرانی حیزبی دێموكراتی زیندانی كرد و كوردستانی ئێرانی بەجۆرێك ئیدارە دەكرد كە مەجال و دەرفەت بۆ تێكۆشانی ئێمە نەمابوو، دەوری 32 ساڵ بوو. لە ئێران، ئینقلاب دەكرێ و حكوومەتی كۆماری ئیسلامی دادەمەزرێ، هەر لەسەر بنەمای چارەسەریی ئاشتییانە و دێموكراتیك لەرێگای وتووێژ لە كوردستانی ئێران، هەر ئەوە كە بیرۆكەی قازی محەمەد بوو لەو پەڕی دەسەڵاتی خۆیدا كە ڕەئیس جەمهوری كوردستان بوو، هەموو هەوڵ و تێكۆشانێكی ئەوە بوو كە ئەو كێشەیە لەڕێگەی گفتوگۆ و موزاكرە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی چارەسەر بكرێ، دیسان دوای ئینقلابی ئێران، پەیامی حیزبی دێموكرات ئەوە بوو كێشەی سیاسیی میللەتێك، مافە نەتەوایەتییەکانی میللەتێك، مافە دێموكراتیكییەکانی میللەتێك، ناكرێ لەڕێگای شەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر بكرێ، بۆیە حیزبی دێموكرات، لەسەر ئەو بنەمایە دوای ئینقلابی [٥٧]یش هەموو هەوڵێكی خۆی دا كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدوای ئینقلابدا ژیانێكی ئارام و مەدەنی و دوور لە شەڕ و كێشەیان هەبێ و بۆ جارێكی دیكە دەسەڵاتی میللی و دێموكراتیكی خۆیان كە بۆ ئێمە بە میرات مابۆوە و ڕەئیس جەمهورەكەی ئێمە دایمەزراندبوو، لە كوردستانی ئێران بەرپای بكەینەوە، بەجۆرێك خەڵك لە ئیدارەی ژیانی سیاسی و مەدەنی و قانوونی خۆیان بەشدار بن. بەو جۆرە لەئارامیشدا بتوانن ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی خۆیان بەرنەپێشێ، هەروەكی ئەوە هەمیشە جەوهەری سیاسەتی حیزبی دێموكرات بووە.
بەداخەوە حكوومەتی كۆماری ئیسلامی پەیامی ئاشتی و دیموكراتیك و مافخوازانەی حیزبی دێموكرات و ڕێبەرانی حیزبی دێموكراتی وەرنەگرت، لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵكی كورد لەڕێگای موزاكرە ئەو كێشەیەی چارەسەر نەكرد. بۆیە بۆ جارێكی دیكە خەڵكی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێچەوانەی مەیلی خۆیان شەڕیان بەسەردا تەحمیل كرا. بۆیە جارێكی دیكە حیزبی دێموكرات و لایەنەكانی دیكە، مەجبوور بە دیفاع لە خۆیان بوونەوە. دەورێكی دیكە لە خەبات و تێكۆشان دوای ئینقلابی ئێران، بۆ حیزبی دێموكرات دەستی پێكردەوە و ئێمە موتەحەممیلی قوربانی و شەهادەتێكی زۆر بووین و فیداكارییەكی زۆریشمان هەر لەو رێگایە دا.
ئێمە لە ژیانی سیاسیی خۆماندا هەمیشە هەوڵمان ئەوە بووە ئەو پەیامە كە پەیامێكی سیاسیی بۆ ئیدارەی وڵات، نە تەنیا بەگوێی خەڵكی كورد لە ڕۆژهەلاتی كوردستان بگەیەنین، نەتەنیا ئێرانییەكان لە دەرەوەی كوردستان ئاگادار بكەینەوە، بەڵكە لە كۆڕ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا هەمیشە ئەو پەیامەمان داوە. هەمیشە گوتومانە ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان قسە لە ئێران و چارەسەریی داهاتووی ئێران دەكرێ، ناكرێ لە ئێران نەتەوەی كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستان كە كارنامەیەكی دوور و درێژ و تەجرووبەیەكی درێژخایەن و ڕەنگینی لە چۆنیەتی تەعامول لەگەڵ كێشەكان و چارەسەرییەكان هەیە، لە پەراوێز بخرێ. لە پەراوێزخستنی حیزبی دێموكرات بە مەعنای لە پەراوێزخستنی ویست و داخوازییەكانی نەتەوەیەكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، کە بە درێژایی حەفتا ساڵی ڕابردوو هەوڵی داوە و بۆ مافەكانی خۆی خەبات دەكا. پەیامی نەتەوەیی ئێمە هەمیشە بە چۆنیەتی تەعامول لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی كێشەی كوردیان هەبووە، بە جۆرێك عەمەل بكەین كە لە ڕەوابیت و عیلاقاتی خۆماندا هەرگیز نەبین بە ئەسبابی كێشە بۆ پارچەكانی دیكە و هەمیشە بە ئیفتخاراتەوە دیفاع لە ڕابردووی عیلاقاتی خۆمان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە بكەین كە بە جۆرێك عیلاقە و پێوەندیمان لەگەڵیان هەبووە.
حیزبی دیموکرات و پێوەندیی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان
لەپێوەندیی لەگەڵ خەبات و تێكۆشانی پارچەكانی دیكەدا، هەروەكی بەشداری بارزانییەکان لە كۆماری كوردستان دەقیقەن ئەوە دەگەیەنێ كە لە هەر شوێنێك فورسەتێك بۆ كورد هەڵكەوێ، بەشەكانی دیكە دەتوانن لە تەواوی دەسكەوتەكانی بەهرەمەند بن، ئەو تەجروبەیە بە جۆرێك بۆ بەشەكانی دیكەش كەڵكی لێ وەربگرێ. ئێمە لەسەر ئەساسی باوەڕ بەوە كە باشترین دۆستایەتی و باشترین پشتیوانی لە پارچەكانی دیكەی كوردستان ئەوەیە كە وەك حیزبی دێموكرات لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیفاعیان لێ بكەین، لەنێو خۆیاندا كۆمەك بكەین بە یەكڕیزی و تەبایی و برایەتی و، لە عیلاقاتی خۆماندا هەمیشە كۆمەڵگەی كوردستانی ئێران وا پەروەردە بكەین لەو بوارانەی بۆیان دەگونجێ، هاوبەستەگی نەتەوەیی خۆیان لەگەڵ پارچەكانی دیكە بەجێ بگەیەنن و، هەمیشەش هەر ئەوەمان لە پارچەكانی دیكە ئینتزار هەبوە لە چۆنیەتی تەعامول لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی كوردستان. هەرگیز ئیجازەمان بە خۆمان نەداوە لە كاروباری نێوخۆیی هیچ پارچەیەكی دیكەی كوردستان دەخالەت بكەین. پێمان وایە كوردی هەر پارچەیەك بۆ چارەسەریی گیروگرفتەكانی خۆیان پاشخانێكی دەوڵەمەند و مێژوویەكی دەوڵەمەند و بەرچاوڕوونییەكی ڕێكوپێكیان لەو بوارەدا هەیە. هەر لەو پێوەندییەدا پێوەندیی لەمێژینە و تاریخی حیزبی دێموكرات، لەگەڵ باشووری كوردستان ناكرێ ئاماژەی پێنەكرێ. لە ڕۆژی دامەزرانی كۆماری كوردستان و بەشداریی تێكۆشەرانی كوردستانی ئێراق لە كۆماری كوردستان، بناغەی دۆستایەتی و ڕەوابیت و عیلاقەیەكی نیزیك دامەزرا. بیرەوەریی ئەفسەرە كوردەكانی عێراق، لە كۆماری كوردستان، بیرەوەریی تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات لە سەردەمی كۆماری كوردستان بناغەی ئەو دۆستایەتیەی بەهێزتر كرد. پێوەندیی حیزبی ئێمە لەگەڵ تێكۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و حیزبەكانیان دەگەڕێتەوە دەیان ساڵ پێش ئێستا. بۆیە بەشێكی زۆر لە دۆستانی ئێمە لەوانەی كە لە نزیكەوە لە خەبات و تێكۆشانی حیزبی دێموكرات پشتیوانیان كردووە و لەگەڵیان بوون و كاتێك حیزبی دێموكرات لە باشووری كوردستان بووە، لە عیلاقات و دۆستایەتی خۆی لەگەڵیان دابووە، بەشێك لەوانە خەمخۆری حیزبی دێموكرات بوون و پشتیان گرتووە و لە ڕۆژەكانی تەنگانەدا بە هانای هاتوون ، جێی خۆیەتی لێرە ڕێز و سپاسی خۆمانیان بۆ بنێرین و ئەمەگناسیی خۆمانیان پێشكەش بكەین و بە ئیحترامەوە چاو لە خەبات و تێكۆشان و دۆستایەتی هەموو لایەكیان دەكەین.
مێژووی تێکۆشانی حیزب
بەشێك لە مێژووی حیزبی دێموكرات بەپێچەوانەی مەیلی ئێمە و بەرنامەی حیزبی دێموكراتی كوردستان كە دەبێ لەنێوخۆی وڵات بێ و فەعالییەتێكی ئاشكرا و عەلەنی هەبێ، لە ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی خەڵكدا بەشدار بێ، بەداخەوە ئێمە لە تەبعید بووین. لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا بە غەیری سەردەمی كۆماری كوردستان و ماوەیەكی كورت دوای ئینقلاب، زۆربەی زۆری ژیانی ڕێبەرانی حیزبی دێموكرات لە تاراوگە و تەبعید و دوورەوڵاتیدا بووە.
… لە هەمان كاتدا كە قوربانییەكی زۆری داوە، ئیفتخاراتێكی زۆری كەسب كردووە، دامەزرێنەری حیزبەكەی ئێمە، پێشەوا قازی محەمەد، دوای ڕووخانی كۆمار لە سێدارە درا، دوو ڕێبەری ئێمە دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی تیرۆر كران، سەدان كادر و هەزاران پێشمەرگەمان لەو رێبازەدا شههید بووه، بەڵام هەرگیز لە خەبات و تێكۆشانی خۆمان لەپێناو بەرزراگرتنی ئەرزش و بنەماكانی حیزبی دێموكرات، نەوەستاوین. لە خەبات و تێكۆشانی خۆماندا ئەوەی لە تواناماندا بووە بە نیسبەت خەڵكی خۆمان كە ئەمەگناس بوون لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەجێمان گەیاندووە. ئەركی نەتەوایەتی خۆمان بەرامبەر پارچەكانی دیكە جێبەجێ كردووە. لە پێوەندیی خۆماندا لەگەڵ حیزبەكانی دیكەی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پارچەكانی دیكە هەوڵمان داوە لانیكەمی گیروگرفتمان هەبێ و هەوڵمان داوە مەسئولانە بجۆڵێینەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا بە موازاتی هەموو ئەو سیاسەتە دروستانە و تێكۆشان و فیداكاریی و قوربانیانە، حیزبی ئێمە لە ئیدارە نێوخۆییدا بێموشكیلە نەبووە، حیزبی ئێمە وەك حیزبێكی جەماوەری كە خەڵكێكی زۆری لەگەڵدا بووە، وەك حیزبێك كە پابەند بووە بە پڕەنسیپەكانی دێموكراسی لە چۆنییەتی گرتنی كۆنفڕانس و كۆنگرەكانی، هەوڵی داوە ئەندامانی خۆی لە ژیانی حیزبەكەیدا بەشدار بن، هەمیشە تێكۆشاوە پرسە كۆمەڵایەتییەکان، سیاسییەکان، نەتەوەیییەکان، مەسائیلی ئیستراتیژی، هەمووی ئەو شتانەی كە پەیوەندیی بە ژیانی حیزب و كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەیە، لەنێو حیزبی ئێمەدا بە گەرمی بێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە لێكدانەوەی بۆ بكرێ.
دێموكراسی نێو حیزبی ئێمە هیوا و هومێدێكی بۆ خەڵكێكی زۆر لە ئەندامانی خۆمان و هەروەها بۆ كۆمەڵانی نێو كوردستان دروست كردبوو، تەمرینی دێموكراسیی لەنێو حیزبی ئێمەدا ئەو پەیامە بوو بۆ كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئێمە ئیدارەی وڵاتی خۆمان بكەین، دەبێ لە خۆمانەوە دەست پێبكەین بۆ بەشداری پێدانی خەڵك، بۆ خوێندنەوەی خەڵك، بۆ ئەوەی عادەت بگرین چۆن جەمعێك لەگەڵ یەك كار بكا و بەیەكەوە ئیدارەی وڵات بكەین. ئەندامانی حیزبی دێموكرات بە گشتی حەقیانە ئەو گلەییە لە لە ڕێبەریی حیزبی دێموكرات بە ڕێبەرانی شەهید و ڕێبەرانی زیندووشەوە بكەن كە ئێمە لە ئیدارەی حیزبەكەی خۆمان ڕەنگە لەگەڵ یەك بە ئینساف نەبووبین، ئێمە بۆ فیداكاری دژی كۆماری ئیسلامی ئامادە بووین ڕێبەرانیشمان دانێین، ئامادە بووین زیاتر لە پێنج هەزار قوربانی بدەین، لەپێناو بەرژەوەندیی پارچەكانی دیكە لە زۆر بار گوزەشتمان بووە، لە زۆر بار بەرژەوەندیی حیزبیی خۆمان وەلاناوە، لە زۆر بار هەوڵمان داوە ددان بە جەرگی خۆماندا بگرین، هەولمان داوە ئەركی نەتەوایەتی خۆمان بەجێ بگەیەنین، بەڵام لە ئیدارەی حیزبی خۆمان و بۆ حاوانەوە لەگەڵ یەكتر ڕەخنەمان لەسەرە. لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا زۆر بە باشی نەمانتوانیوە وا كار بكەین، حیزبی دێموكرات، لەو گیروگرفتانە نەجات بدەین. ئەوە چاوەڕوانی خەڵك بوو لە ڕۆژهەلاتی كوردستان، كاتێك حیزبەكەی ئێمە كۆمار دادەمەزرێنێ و سەرۆك كۆمار دادەمەزرێنێ و سەرۆك كۆمار هەمووی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی حەفتا سال پێش ئێستای كوردستان كە بەشی زۆری نەخوێندەوار بووە، لەگەڵ یەك کۆی كردنەوە، قانوونی پێ دادەنان، ئیدارەی حكوومەتی پێدەكردن، سەری بەرز بوو لەنێو سەران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، ئیمە دەبا ئەو حیزبەمان باشتر ئیدارە كردبایە، ئێمە دەبا حیزبەكەی پێشەوا قازی محەمەدمان لە ئیدامەی ژیان و كاری سیاسیی خۆمان ئەو كاروانەمان بەشێوەیەكی ڕێكوپێكتر بردبا پێشێ، گلەیی خۆمان لە خۆمان لە حزووری ئێوە، لە حزووری خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە فیداكاری و قوربانییان بۆ ئەو حیزبە داوە، دەقیقەن بۆ ئەوەیە لە یادی حەفتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموكرات، هەموو لایەكمان، كە بەشمان بەو حیزبەوە هەیە، هەموو لایەكمان كە بەیەكەوە ئیفتخاراتەكانیمان دروست كردووە، هەموو لایەكمان دیسانەكە بەیەكەوە دروستی بكەینەوە و وای ئیدارە بكەین و وای بەرینەوە نێو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كە چاو لە حیزبێكی یەكگرتوو بكەن و هیوا و هومێد و ئاواتەكانیان كە هیوا و هومێدی پێشەوای حیزب و ڕەئیس جەمهوری كوردستان بوو، لە گۆڕەپانی سیاسیی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە بۆمان مەعلوم نیە لەگەڵ دەیان و سەدان سیناریۆی ناڕوون بەرەوڕووە، لەو حاڵەتەدا بەو حیزبەوە بچینە نێو ژیانی سیاسیی كۆمەڵگەی ئێران.
لەکاتێک دا یادی ٧٠ ساڵەی حیزب دەکەینەوە فرسەتەکان بۆ کورد زۆرن
ئێمە لە سەردەمێكدا یادی حەفتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموكرات دەكەینەوە، كەلە ڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتەوە هەتاكو ئێستا ئاڵوگۆڕەكان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئێران، لە ناوچەكە، لە مەوزووعاتی پێوەندیدار بە كورد گەلێك زۆر بووە. ئەگەر كۆمار ڕووخا و هیوای كۆمار، ڕێبەرانی حیزبی دێموكرات و تێكۆشەرانی حیزبی دێموكرات و خەڵك لە ماڵەكانی خۆیان و لە پارچەكانی دیكە بە خەباتی جۆراوجۆر بەردەوام ئیدامەیان دەدا، ئەگەر هەڵەبجە و ئەنفال و قەتڵوعامی كوردان لە باشووری كوردستان، ئەگەر ئینكاری كورد لە توركیا، ئەگەر قەبووڵنەكردنی كورد لە سووریا، هەرگیز نەیتوانی كورد بە چۆك دابێنێ و ئێستا نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە هەموو پارچەكانی دیكە لەگەڵ سێناریۆیەك كە جێگای خۆشبینیە، بەڵام لە ڕۆژهەلاتی كوردستان، لەو شوێنەی حیزبی دیموكراتی تێدا دامەزرا، سیاسەتی جەمهوری ئیسلامی ئەوەیە كە نەهێڵێ حیزبی دێموكرات دەنگی بێت و ڕەنگی دیار بێت و لەنێو كۆمەڵانی خەڵك ببێتەوە جێگای هیوا و هومێد. بەڵام ڕابردووی خەبات و تێكۆشانی ئێمە، شكەست و هەستانەوەكانی ئێمە، فیداكاریی و قوربانییەكانی ئێمە، كارنامەی ئێمە لە خەبات و تێكۆشاندا ئەوە دەڵێ حەفتا ساڵ خەبات و تێكۆشان كە ئێمە لەبەرامبەر حكوومەتی پەهلەوی و حكوومەتی كۆماری ئیسلامی بەچۆكدا نەهاتووین، بەو شێوەیەش هەرگیزاوهەرگیز لە داهاتوشدا بەچۆك دانایەن، ئەو حیزبە خەبات و تێكۆشانی خۆی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی خەونەكەی پێشەوا قازی محەمەد و هەزاران تێكۆشەری ڕۆژهەلاتی كوردستان و هەزاران قوربانیی ئەو حیزبە، بەردەوام دەچێتە پێشێ و ئێمە لەو مەیدانەدا گەشبین و خۆشبینین.
حیزبی ئێمە زۆر بە باشی دەركی بەوە كردوە كە زۆرجار فورسەت بۆ كورد هەڵكەوتووە لە مێژوودا و ئێستاش فورسەتی باش بۆ كورد هەڵكەوتووە، تەنانەت فاكتۆرەكانی ناوچەییش ناتوانن ئینكاری ئەو فورسەتە بكەن، زلهێزەكانی نێوەدەوڵەتیش بەجۆرێك تەعامول دەگەڵ ئەو فاكتۆرانە دەكەن كە پەپوەندییان بە كوردەوە هەیە، نەتەنیا ناتوانن ئینكاری بكەن بەڵكە بەجۆرێك دێنە نێو گەمەكە. لە كەشوهەوایەكی ئاوادا، كە ئێمە پێمان وایە بەشێك لەو فورسەتانەی بۆ كورد هەڵكەوتووە دەگەڕێتەوە سەر ئەوە، ڕێبەرانی كورد چۆن ئەو فورسەتە بقۆزنەوە. تا ئەو جێیەی پەیوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەیە، ئێمە بەشێك لە چارەسەرییەكەمان لەوەدا دەدی كە هەردوولای حیزبی دێموكرات بەرەو یەكگرتنەوە بچن. ئێمە لە حیزبی دێموكراتی كوردستان هەموو هەوڵ و تێكۆشانێكی خۆمان دا، گەشبین و خۆشبین بوویین، بە ئیحساسی مەسئولییەتەوە تێكۆشاین كە لە بەرەبەرەی یادی حەفتا ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموكراتدا، موژدە و پەیامی یەكگرتنەوەی حیزبی دێموكراتیش بە كۆمەڵانی خەڵك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕابگەیەنین. ئەگەر لەو بوارەدا سەرەڕای ئیحساسی مەسئولیەتێكی زۆر و خەمخۆری ئێمە و بە پەرۆشبوون بۆ داهاتووی ئەو قەزیە تا ئێستا سەركەوتنێكمان وەدەست نەهێناوە، بەڵام دیسان ئێمە بە هیوا و هومێدەوە كار لەسەر ئەوە دەكەین و تێدەكۆشین لە داهاتوودا یاریدەدەری یەكڕیزی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بین، وە پەیامی یەكڕیزی بكەینە ڕێكخراوەیەكی واحید كە لە داهاتوودا بتوانێ ئەو مەسئولییەتە بەرێتەپێش.
هەلومەرجی هەستیار لەباشووری کوردستان و پەیامی ئێمە
…. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژەیەك بە هەلومەرجێكی زۆر حەساسی باشووری كوردستان بكەین. ئەو دەسكەوتە كە لە باشووری كوردستان هەیە، ڕێك حەفتا ساڵ دوای دامەزرانی كۆماری كوردستان، چۆن كۆمار بوو بە قیبلەگای هیوا و هومێدی هەموو پارچەكان و بەرەو ئەوە دەچوو نموونەی حكوومەتێكی كوردی دابمەزرێنێ و لە ئیدامەی خۆیدا دەسكەوتی زۆری بەدوادا بێ، حەفتا ساڵ دوای دامەزرانی حیزبی دێموكرات، هەرێمی كوردستان یان باشووری كوردستان، دەقیقەن لەو مەوقعییەتەدایە. سەركەوتنی ئەو دەسكەوتە لە باشووری كوردستان نەتەنیا دەسكەوتێكی گەورەیە، جێگای هیوا و هومێدە بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان، بگرە لە نەوعی خۆی و لە ئیدامەی خۆیدا دەتوانێ كاری گەورە بكا، كە لە پڕۆژەی سیاسیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەو جێی پەیوەندی بە سەركەوتنی كورد هەیە، بۆ جارێكی دیكە هەرگیز لە پەراوێز نەخسترێتەوە. ئێمە بە دەرك كردنی ئەو وەزعییەتە حەساسەی كە لە باشووری كوردستان هاتۆتەپێشێ، تەنیا داوامان ئەوەیە حیزبەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان، با لە گیانی خۆیان مایە دانەنێن، بەڵام تەنازول بۆ یەك بكەن، بۆوەی ئەو هەلومەرجەی لە باشووری كوردستان هاتۆتەگۆڕێ، لەدەست نەچێ. چاوەڕانی ئێمە لە یادی حەفتا ساڵەی حیزبی دێموكرات ئەوەیە كە ئەو پەیامە وا وەربگیرێ كە ئێمەش بەقەرای ئێوە لە باشووری كوردستان هیوا و هومێدمان پێی هەیە. بۆیە خوای نەخواستە زەرەر و زیان گەیاندن بەو دەسكەوتە، خەڵكی باشووری كوردستان و خەڵكی پارچەكانی دیكەش وا بە ئاسانی نایانبەخشێ. خەڵك فیداكاری کردوە تا ئەو فورسەتەی دروست كردووە. بۆیە ئەركی ئێمە ڕێبەرانی سیاسی و كاربەدەستانی سیاسیی و موسئوولینە بە ئاوڕدانەوەیەك بەو هەموو فیداكارییە بە بەرچاوڕوونییەكی مەسئولانە، داهاتووی باشووری كوردستان دروست بكەن كە ئێمەش ئەو ئینتزارەمان هەیە.
پەیامی سیاسیی حیزبی دیموکرات بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان
لە یادی حەفتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموكرات پەیامی سیاسیی ئێمە بۆ خەڵك لەنێوخۆی وڵات دەقاودەق ئەو پەیامە سیاسییەی پێشەوای حیزبی دێموكرات و ڕەئیس جەمهووری كوردستانە كە ئێمە كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەپێناو جێخستنی مافەكانی خۆمان، لە هەموو بوارەكانی خەبات، لە هەموو مەیدانەكانی تێكۆشان كەڵك وەردەگرین. هەموو فورسەتەكانی دەقۆزینەوە، خەباتی ئێمە خەباتێكی فرەڕەهەندییە، كۆماری ئیسلامی ئێمەی مەجبوور بە شەڕ كرد و شەڕی بەسەر ئێمەدا تەحمیل كردو پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات و لایەنەكانی دیكە بە قارەمانیی خۆیان دیفاعیان لە كوردستان كرد بەڵام مەیدانی خەبات و جێبەجێكردن و جێخستنی مافەكانی نەتەوایەتی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بەربەرینە، هەموو تاكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك دەتوانن باشترین ڕێز لە حیزبی دێموكرات بگرن و باشترین ڕێز لەپێشەوا قازی محەمەد بگرن، ئەوەیە كە لە هەموو بوارەكانی خەبات لەنێوخۆی وڵات بێتەفاوەت نەبن. ئێمە خەبات و چالاكیی فەعالینی مەدەنی لەنێوخۆی وڵات بەرز دەنرخێنین، بۆ هەمووی ئەو كەسانەی كە لە بوارەكانی جۆراوجۆری فەرهەنگی، ئەدەبی، قانوونی، پاراستنی ژینگەی كوردستان، دیفاع لە خاكی كوردستان، لە ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز، لە هەموو مەیدانان، لە دانیشگاكان، لە هەر شوێنێك كە بۆیان دەكرێ، دیفاع لە خواست و ویستی نەتەوایەتی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، پشتوانیان لێ دەكەین. جێگای ڕاستەقینەی حیزبی دێموكرات هەر ئەوێیە و خەڵكی زۆری حیزبی دێموكراتی كوردستان هەر لەنێوخۆی وڵاتە. زۆرن ئەو سەبازە ونانەی كە نێویان دیار نیە و لە مەیدانەكانی جۆراوجۆردا بۆ حیزبی دێموكرات كار و خەباتیان كردووە، ئێستا ناتوانن لێرە بن و ناتوانن لە ڕێوڕەسمەكانی حیزبی دێموكراتدا ڕێزیان لێ بگرین، ئەوانە زۆرن. ئەگەر لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا لە موكریان بوون، دواتر لە خوارەوەتر بوون. وە دوای ئینقلابی ئێران زۆرن ئەوانەی كە لە ئوستانی ئیلام، بۆ زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوایەتیان، دەیانەوێ پردی ئێستا لەگەڵ ڕابردووی جووڵانەوەی نەتەوایەتی كورد و لەگەڵ بیرۆكەكەی قازی محەمەد و دامەزرانی حیزبی دێموكرات بەقووەت بكەن. زۆرن ئەوانە لە ئوستانی كرماشان كە بە هەست و ئیحساسی نەتەوایەتی خۆیان، بە ئاوڕدانەوە بە مێژوو و خەبات و تێكۆشانی خۆیان ئێستا پێشەنگن لەو بوارەدا، زۆرن ئەوانەی لە هەموو ئوستانەكانی كوردستان بە ئیلام و كرماشان و سنە و ورمێ، لە دەرەوەی كوردستانی ئێران لە بەشەكانی دیكە ئاوڕ وە ڕابردووی حیزبی دێموكرات و حەفتاساڵە و هەروەها یادی پێشەوا قازی محەمەد دەدەنەوە، جێگای خۆشبینی و گەشبینین بۆ داهاتووی ئێمە و بۆ داهاتووی كوردستان. بۆیە حیزبێك كە لە نێو ئەو میللەتەدا دامەزرا بێ و تنوعاتی كۆمەڵگەی كوردستان بە ژن و پیاو و بە هەموو چین و توێژەكان دروستیان كردبێ دڵنیام نەتەنیا حەفتا ساڵ بگرە چەندین حەفتا ساڵی دیكە ئەگەر لە خەبات و تێكۆشان دابێ، بەردەوام دەبێ و هەرگیز كۆڵ نادا. بۆیەش كۆڵ نادا خەڵكی ڕۆژهەلاتی كوردستان هەمیشە لە ڕۆژە سەختەكاندا لەگەل حیزبی دێموكرات بوون و لەمەوبەدواش دڵنیاین پەیامی سیاسیی حیزبی دێموكرات، لەنێوخۆی وڵاتدا بە قووەت و بەهێزتر دەكەن.
لەپێوەندیی لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە و دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان
…. ڕێگاچارەی كێشەی كورد لە توركیا تەنیا بە موزاكرە و گفتوگۆ و خەباتی مەدەنی و كاری سیاسی و فەعالییەتی سیاسی دەزانین. حیزبی ئێمە هەمیشە بە پەرۆشەوە و بە ئیحساسی مەسئولییەتەوە هەوڵی داوە تێبكۆشێ، پەیامی خۆی بەو كەسانە لە توركیە بگەیەنێ كە لایەنگری ئەو بیرۆكەن و بە كۆمەڵگەی كوردی توركیەش بگەیەنێ كە ئەو فورسەتەی ئێستا هەڵكەوتووە، لەدەستی نەدەن. زۆری كێشا، دەیان ساڵ قوربانی و فیداكاری و زیندان و خەبات و تێكۆشان، تا ئەو فورسەتە هەڵكەوت و كورد و تورك بەوە گەیشتن كێشەكەیان لە ڕێگەی موزاكرە و گفتوگۆ چارەسەر بكەن. هیوادارین لایەنەكان بە ئیحساسی مەسئولییەتەوە بەرخورد بكەن و ڕێگا نەدەن ئەو فورسەتەی هەڵكەوتووە، تێك بچێ و جارێكی دیكە بگەڕێینەوە سەر خاڵی سیفر.
لەپێوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستاندا ئەو دەسكەوتەی كە لەوێ هەیە و كورد توانیویەتی خاوەنی دەسەڵاتێكی خۆی بێ، زەمانێك ئەو دەسەڵاتە دەتوانێ لە ئیدامەی خۆیدا سەركەوتوو بی، هەمووی كۆمەڵگەی كوردی سووریە بە ئی خۆی بزانێ، هەموو تنوعات حیزبی و سیاسی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی سووریە بەیەكەوە لە ئیدارەی وڵاتدا بن. هیوادارم هەموو لایەك لەسەر وەلانانی ئەقڵییەتی ئینكار و نادیدەگرتنی لایەنەكانی دیكە زەمینە خۆش كەن بۆ موشارەكەت و ئەو موشارەكەتەش بتوانێ هیوایەكی زۆرتر بدا بە قەزیەی كورد بە گشتی.
حیزبی دیموکرات و ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردستانی
لە پێوەندیی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی كە حیزبی دێموكرات چارەسەری كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا ئێستاش لە چوارچێوەی ئێراندا دەبینێ، كارنامەی حیزبی دێموكرات هەمیشە ئەوە بووە دۆست بۆ خۆی زیاد بكا، دوژمن كەم كاتەوە، هەتا ئێمە لەنێو ئێرانییە غەیرە كوردەكاندا بە هەموو بیروبۆچوونێكی جیاواز كە هەیانە، دۆست بۆ خۆمان زیاتر بكەین، مەجالی زۆرتر دروست دەكەین كە لە قەزیەی ئێمە حاڵی بن و بەم جۆرە قەزیەی ئێمە بتوانێ لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا پتر ڕەنگ بداتەوە. ئێستاش ئێمە تێدەكۆشین لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەوانەی كە بە جۆرێك قەزیەی ئێمە قەبووڵ دەكەن، ئێعتراف بە مەسەلەی كورد دەكەن، تێدەكۆشین ئەو تنوعاتە لە شوێنێكدا یەك بگرین كە ئاڵتەرناتیوێكی موناسیب دروست بێ بۆ ئیدارەی داهاتووی ئێران كە تێیدا بە هیچ جۆر فاكتۆری كوردی نە تەنیا ئینكار نەكرێ، بەڵكە بەشێك لە چارەسەرییەكە بێ.
لەپێوەندیی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە دەبێ بڵێم بەداخەوە تا ئێستا ئێمە بە نەتیجەیەك نەگەیشتووین، بەڵام لە هەمان كاتدا خۆشبینم و ئێمە لە حیزبی دێموكرات بە خۆشبینییەوە چاو لە داهاتوو دەكەین. ئەوەی كە تا ئێستا بەوە نەگەیشتووین بەرەیەك یام جۆرێك كۆدەنگی و لێك حاڵیبون لەگەڵ یەك دروست بكەین، بە مەعنای ئەوە نیە كە ئێمە بە خەتی كۆتایی گەیشتووین. بۆیە بۆ جارێكی دیكە ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لەسەر پرسی هاوبەش، لەسەر دروستكردنی گوفتمانێكی واحید، یەكڕیزی و یەكدەنگی بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كار بكەین و ئەوە بە قووەت بكەین. …
لە کۆتایی دا هیوادارم هەموو لایەكمان كۆمەك بە لێك حاڵیبوون و تەبایی و یەكڕیزی بكەین. بۆ جارێكی دامەزراندنی حیزبی دێموكرات لە هەموو ئێوە پیرۆز دەكەم و بە حورمەت و ئیحترامەوە یادی پێشەوا قازی محەمەد یەكەم ڕەئیس جەمهوری كوردستان و هەموو تێكۆشەران و فیداكارانی ڕێگای خەبات و تێكۆشانی حیزبی دێموكرات لە ماوەی حەفتا ساڵدا دەكەین. هەموو لایەكتان سەركەوتوو بن ، شەكاوە بێ ئاڵای كوردستان ، بژی كورد و كوردستان.
لە ژماره ٦٦٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه