بەپێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژ پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات بەناوی، مەلا عەبدوڵڵای مستەفازادە (عەبباسی) لە تەمەنی ٩٧ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کردووە.
ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لەگەڵ دوو کوڕی خۆی بوونەتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و، تا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە خەباتی نەتەوایەتیدا بەشداربوونە و دواتر مەلا عەبدوڵڵا و یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی خدر، لەسەر ئیجازەی حیزب گەڕاونەتەوە بۆ ناوخۆ.
شایانی باسە کە مەلا عەبدوڵڵا باوکی شەهیدێکی گەلەکەمانە بەناوی عومەرمستەفازادە کە لەگەڵ حیزب ماوەتەوە و دواتر لە شەڕی دژبە داگیرکەرانی کوردستاندا لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا شەهید بووە.
مەلا عەبدوڵڵا ئەندامێکی دڵسۆز و لێهاتووی حیزب بووە و هەمووکات ماڵ و شوێنی ژیانی پەناگە و شوێنی مانەوەی پێشمەرگە بووە و خزمەتێکی زۆری بە گەل و نەتەوەکەی کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەت بنەماڵەی مەلا عەبدوڵڵا و بنەماڵەکانی ڕەستگار و مستەفازادە و هەموو کەسوکاریان دەکات و هیوای سەربەرزیان بۆ دەخوازێ.