بە پێی هەواڵێک کە لە بۆکانەوە بەدەستمان گەیشتووە شەوی دووشەممەی ٧ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی دایە عیسمەت، دایکی شەهید ڕەحمان ئەمینی ناسراوە بە ڕەحمان نۆباری، لە ئاوایی نۆباری بۆکان کۆچیدوایی کردووە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە شەهید ڕەحمان نۆباری لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی چەکی پێشمەرگانەی هەڵگرت و، پاش چەند ساڵ فیداکاریی کردن لە پێناوی ئازادی و ڕزگاری نیشتمان لە ساڵی ١٣٦٢ لە کاتی گرتنی پایگایەکی ڕێژیم لە کێوەڕەشی گلێنان شەهید کرا.
جوانەمەرگبوونی رەحمان نۆباری، دایە عیسمەتی بۆ ماوەیەکی ئێگجار زۆر تووشی نەخۆشی دەروونی کردبوو.
ئەو دایکە جگەرسووتاوە پاش چەندین ساڵ ژیان بە زامی ناسووری ڕۆڵەکوژراوی ڕۆژی ٨ی گەلاوێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە سەرجەم دایکانی نیشتمان، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە کەسوکار و بنەماڵەی شەهید رەحمان نۆباری دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.