خەڵکی کوردستان پێیان وایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە هەوڵی دزین و بردنی ئاوی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان دایە.
پڕۆژەکانی هەناردنی ئاوی شیرینی ناوچەکانی کوردستان، چەندین ساڵە کە لە بەرنامەی کاریی کۆماری ئیسلامی دایە و ئەو ڕێژیمە ئاوی خاوێن و پاکی کوردستان بۆ شارە گەورەکانی ئێران دەگتوازێتەوە و لەو لاوە خەڵک پێویستییان بە ئاوە کە زەوی و مەزراکانیان ئاودێر بکەن بەڵام هیچ جۆرێک ئاوی پێویست بۆیان دابین ناکرێت.
ساڵانە چەندین جار بەرپرسانی پلەبەرز و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی سەردانی بەنداوەکانی کوردستان دەکەن و بایەخێکی زۆری پی دەدەن.
بردنی ئاوی کوردستان نە تەنیا خەسارێکی گەورەی بە خەڵک گەیاندووە بەڵکوو زیانێکی قەرەبوونەکراوی لەسەر ژینگەی کوردستان داناوە و کاریگەریی کردووەتە سەر چۆنییەتیی ژیانی گیانلەبەرانی کوردستان.
مافیای دزینی ئاو لە کوردستان دیاردەیەکی مەترسیدارە کە بۆتە هۆی نیگەرانی کەسانی خەمخۆر و ژینگە پارێز، ساڵی ڕابردووش باس لەوە کرا کە ڕێژیم لە پلانێکدا ئاوی بەنداوەکانی ئازادی سنەو ناوچەکانی سیروان بۆ دەرەوەی کوردستان دەگوازێتەوە.
کوردستان خاوەن سرووشت و سەرچاوە سرووشتییە بەهێزە و تایبەتەکانە، ئاو یەکێک لەو داراییانەیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ عێراق و شارە تورک و فارس نشینەکان دەگوازرێتەوە.