بەدوای تێپەڕبوونی نیزیک بە مانگێک لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ، ئاورکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان بەشێوەی بەرچاو زیادی کرەدووە و دەکرێ بڵێین بە سەدان هێکتار لە ژینگە و لەوەڕگە و دارستانی کوردستان لەدرێژەی ئاورکەوتنەوەکاندا لەناوچوونە.
شایانی باسە ژینگەی سرووشتیی پارێزگای سنە لە ئەمساڵدا زیاترین ڕادەی ئاورکەوتنەوەی بەخۆوە دیوە و تا ئیستا زیاترین زەرەر و زیانی لێ کەوتووە. هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە و سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە لە ڕاپۆرتێکی هەواڵنێریی “ئیرنا ” باس لە زیادبوونی ٢.٥ لە سەدی ئاورکەوتنەوەکان لە ژینگە و دارستانەکانی ئەو پارێزگایە دەکات.
“سەعدی نەقشبەندی” ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا سەبارەت بە ئاورکەوتنەوەکان گوتی:” ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای سنە بەگشتی ٣٩ جار ئاورکەوتنەوەمان بوو بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا ١٠٥ جار ئاورکەوتنەوەمان ڕووی داوە کە دەتوانین بڵێین ڕادەی ٢.٥ لەسەد بەرزبووەتەوە”.
ئەو ئامارە بەس سەبارەت بە پارێزگای سنەیە و لە شارەکانی ئیلام و کرماشان و ورمێش ڕادەیەکی بەرچاو ئاور کەوتنەوە ڕووی داوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ئەمسال زیاتر، هێزەکانی سپای پاسدارن لە ناوچە سنوورەییەکانی کوردستاندا بە سووتاندنی گیا و دارستانەکان بوونە هۆی لەناوبردنی سەدەان هێکتار لە لەوەڕگە و باغ و دارستانەکانی خەڵکی دانیشتووی ئەو ناوچەیانەو خەسارێکی زۆریان بە سرووشت گەیاندوە.